سەردێڕ:

'لە کانوونی دووەمەوە تاوەکو ئێستا ٦٩ کەس لە کەمپی هۆڵدا کوژراون'

AM:10:14:25/08/2021

6124 جار خوێندراوەتەوە

یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی رایگەیاند، لە مانگی کانوونی دووەمەوە تاوەکو ئێستا ٦٩ کەس لە کەمپی ھۆل لە شاری حەسەکەی سوریا کوژراون. نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سوریاش دەڵێت، کۆتاییهاتنی شەڕ زۆر دوورە.


مارتن گریفتس یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی رایگەیاند، کێشە ئەمنییەکانی نێو کەمپی هول بەردەوامە و لە مانگەکانی حوزەیران و تەمموزدا توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان و منداڵانی کچدا زیادیکردووە.

باسی لەوەشکرد، کە لە مانگی کانوونی دووەمەوە تاوەکو ئێستا کوژرانی ٦٩ کەس تۆمارکراوە و هەوڵی کوشتی ١٢ کەسی دیکە دراوە.

لەلای خۆیەوە گێر پیدەرسن نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سوریا، ھۆشداریی لە دووبارە زیادبوونی پێکدادان و بۆردومانی قورس لە باشوری رۆژئاوای سوریا بە تایبەتی لە دەرعا دا و داوای لە لایەنەکان کرد دەستبەجێ کۆتایی بەو توندوتیژییە بھێنن.

ئاماژەی بەوەش کرد کە ھێرشی ئاسمانیش بۆسەر باکوری رۆژئاوای سوریا زیادیکردووە و وتی، "بینینی کۆتایی ھاتنی شەڕ لە سوریا زۆر دوورە" و راشیگەياند كە لەبەر ئەم ھۆیەش پێویست بە پێواژوویەکی سیاسیی متمانە پێکراو و ھەماھەنگییەکی نێودەوڵەتیی بەردەوام ھەیە.

کەپمی هوڵ لە سوریایە و لە ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی یەپەگە و پەکەکەدایە، هاوکات ئەو کەمپە ٥٩ هەزار کەسی تێدا دەژی.













گەلەری