سەردێڕ:

عێراق لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاوە روونکردنەوە دەدات

PM:10:33:24/08/2021

16924 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، عێراق ئامادەیە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکەکەی، دەشڵێت، "هەموو هێز و هۆکارێکمان لەبەردەستە بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر".


فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی سپۆنتیکی روسی رایگەیاند، "لەبارەی کەیسی پەیوەست بە تیرۆرەوە عێراق بە تەواوەتی و لەهەموو رویەکەوە ئامادەیە روبەڕوی بێتەوە."

ئەوەشی خستەڕوو، دەزگا ئەمنییەکان هەموو زانیارییەکی وردیان لەبارەی گروپە چەکدارەکانەوە لەبەردەستدایە و شارەزاییەکی باشیشیان هەیە لە روبەڕوبوونەوەیاندا.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، "ھەندێک جار دەبینین هەندێک لە شانە نوستووەکانی ئەو گروپانە جموجوڵییان هەیە و چالاکی ئەنجامدەدەن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی نابنە هەڕەشە لەسەر کۆمەڵگەی عێراقی".

لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، فوئاد حسێن باسی لەوەشکرد، رێککەوتنێکی روون لە نێوان هەردوولادا هەیە لەبارەی کشانەوەی یەکە شەڕەکەرەکانی سوپای ئەمریکا، بەڵام چەند یەکەیەکی دیکە دەمێننەوە و یارمەتی سوپای عێراق و دەزگای ئەمنییەکان دەدەن لەسەر راهێنان و ئاڵوگۆڕپێکردنی زانیاری.

هاوکات، لەبارەی کەیسی کۆچبەرانی عێراقی لە بیلاڕوسیا وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، داوا لە بەرسانی روسیا دەکەن بەشداری بکەن لە گەڕاندنەوەی کۆچبەرە عێراقییەکان لە بیلاروسیاوە.

ئاماژەی بەوەشدا، دۆسییەی گەڕاندنەوەی کۆچبەرە عێراقییەکان گرنگە و کاریگەری لەسەر ئاسایشی عێراق دەبێت، هەر بۆیە داواش لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکەن شانبەشانی روسیا هاوکاری عێراق بکەن.

لەبارەی کڕینی سیستمی بەرگری ئێس-400 فوئاد حسێن رەتیکردەوە، عێراق گرێبەستێکی لەو شێوەیەی لەگەڵ روسیا واژۆکردبێت، وتیشی، پەیوەندی سەربازی نێوان عێراق و روسیا پتەوە بەتایبەتی لە بوارەکانی بەرگری و ئەمنیدا.

رۆژی دووشەممە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە روسیا و بڕیارە سەردانەکەی چەند رۆژێک بخایەنێت و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای روسی و لیژنەی هاوبەشی عێراق - روسیا کۆببێتەوە بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات لە هەموو بوارەکاندا.

کـ. ئـ













گەلەری