سەردێڕ:

بەڕێوەبەری هەواڵگری ئەمریکا لەگەڵ مەلا برادەر کۆبووەوە

PM:06:33:24/08/2021

10680 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی بڵاویکردەوە، رۆژی دووشەممە ولیام بیرنز بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ئەمریکا لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان لەگەڵ مەلا عەبدولغەنی برادەر بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی تاڵیبان کۆبووەتەوە.


رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، رۆژی دووشەممە لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ئەمریکی و دیارترین سەرکردەی بزوتنەوەی تاڵیبان چاویان بە یەکترکەوتووە و کۆبوونەتەوە.

رۆژنامەکە، هیچ وردەکارییەکی لە بارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی نێوان ولیام بیرنز و مەلا برادەر ئاشکرانەکردووە.

بەگوێرەی میدیا جیهانییەکان، پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی نێوان بیرنز و مەلا برادەر لەبارەی درێژکردنەوەی وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و فڕۆکەخانەی کابوڵ گفتوگۆیان کردبێت.

لای خۆیەوە، زەبیحوڵا موجاهید وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا بەڕێوەبەری ئاژانسی هەوڵگری ئەمریکی و مەلا برادەر لە کابوڵ کۆبوونەتەوە رایگەیاند، هیچ زانییارییەکمان نییە ئەگەر دیدارێکی لەو شێوەیە سازکرابێت.

پێشتر، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا بە ناردنی ولیام بیرنز بۆ ئەفغانستان بە هۆکاری بیرتیژی و لێهاتوویی بۆ سەرپەرشتیکردنی دەربازکردنی هاوڵاتییانی ئەمریکی و کارمەندانی بیانی و سوپای ئەمریکا.

هەر ئەمڕۆش، بەرپرسە ئەمریکییەکان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ دەربازکردنی هەزاران هاوڵاتی ئەفغانی و کارمەندە بیانییەکان لە کەمترین ماوەدا دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی تاڵیبان هۆشدارییاندایە ئەمریکا کە ٣١ی ئاب کۆتا وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتەیە لە ئەفغانستاندا.

کـ. ئـ













گەلەری