سەردێڕ:

نوێترین زانیاری لەبارەی موچەی ئەم مانگەوە ئاشکراکرا

PM:02:04:24/08/2021

152192 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی داراییەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تاوەکو ئەم ساتە پارەکەی بەغدا نەگەیشتووەتە سەر هەژماری بانکی حکومەتی هەرێم، بەڵام سبەینێ دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت بەبێ لێبڕین.


چاوگێک لە وەزارەتی دارایی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هێشتا هیچ بڕە پارەیەک کە ٢٠٠ ملیار دینارەکەیە لە بەغداوە نەگەیشتووەتە هەرێم و ئەگەر پارەکەی بەغداش نەبێت ئەوا پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی موچە لە ئارادا نییە. بۆیە دابەشکردنی موچە پرۆسەکەی بە خاوی بەڕێوەدەچێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان هاوشێوەی مانگەکانی دیکە چاوەڕێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانن بوون و ئەمڕۆ بڕیارەکەیان پێگەیشتووە بۆ دابەشکردنی موچە بەبێ لێبڕێن.

روونیشیکردەوە، بەهۆی نەناردن و دواکەوتنی پارەکەی بەغدا پرۆسەی دابەشکردنی موچە خاودەبێتەوە و تاوەکو پارەی فرۆشتنی نەوت بە تەواوی دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی.

لەبارەی لیستی موچەشەوە ئەو چاوگە ئەوەی بە ئێن ئاڕ تی وت، کە لیستی موچە هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو دەبێت و ناگۆڕێت.

لە ماوەی رابردوودا حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بەوەی هەموو ٢٥ی مانگێک موچە دابەش بکات، بەڵام هێشتا روون نییە ئایا حکومەت پابەندی بڕیارەکەی دەبێت یاخود نا.

سەرەڕای ئەوەی تەنها مانگی رابردوو حکومەتی هەرێم لێبڕینی موچەی لابردووە، لە کاتێکدا ماوەی چەند مانگێکە داهاتی نەوتی و نانەوتی زیادیان کردووە و نرخی دۆلاریش لە بەرزیدا جێگیرە.

بەڵام پاش بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە و لەگەڵ گەیشتنیدا ئینجا حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بە لابردنی لێبڕین و هێشتا بەڵێنیشیان نەداوە کە لێبڕێن بۆ هەموو مانگەکان لاببرێت، بەڵکو دەڵێن بەپێی داهات دەبێت.

هێرش قادر، هەولێر

هـ.ئـ













گەلەری