سەردێڕ:

یونیسێف: یەک ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستان بەهۆی بەدخۆراکییەوە لە مەترسیدان

PM:11:25:23/08/2021

2256 جار خوێندراوەتەوە

سندوقی هاریکاریکردنی منداڵان سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) رایگەیاند، تەندروستیی نزیکەی یەک ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستان بەهۆی بەدخۆراکییەوە لە مەترسیدایە کە ئەگەر چارەسەر نەکرێن، رەنگە گیان لەدەست بدەن.


هێنریتا فۆر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە نزیکەی یەک ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستان پێویستییان بە هاوکاری مرۆییە بۆ ئەوەی بتوانرێت درێژە بە ژیانیان بدرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، تەندروستی نزیکەی یەک ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستان بەهۆی بەدخۆراکییەوە لە مەترسیدایە کە ئەگەر چارەسەر نەکرێن رەنگە گیان لەدەست بدەن، جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە نزیکەی چوار ملیۆن ٢٠٠ هەزار منداڵ کە دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزاریان کچن، نەیانتوانیوە درێژە بە خوێندن بدەن.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف لە راگەیەندراوەکەیدا هەروەها باسی لەوە کردووە کە لە ناوخۆی ئەفغانستاندا، ٤٣٥ هەزار ژن و منداڵ دەربەدەربوون.

هێنریتا فۆر راشیگەیاندووە، ''پێشبینی دەکەین بەهۆی وشکەساڵیی توند و کەمبوونەوەی ئاو، دەرەنجامە کۆمەڵایەتی-ئابوریی داڕووخێنەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و نزیکبوونەوەی وەرزی زستان پێداویستیە مرۆییەکانی ژنان و منداڵان لە مانگەکانی داهاتوودا زیاد بکات''.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف ئەوەشی خستووەتەڕوو، یونیسێف کە بەدرێژایی ٦٥ ساڵ لە ئەفغانستان هەوڵیداوە بۆ باشکردنی ژیانی ژنان و منداڵان لە ئایندەشدا بەردەوام دەبێت لەسەر کارەکانی و لە ناخەوە پەیوەستن بە منداڵانی ئەفغانستان و زۆر کاریان هەیە کە بۆیان ئەنجام بدەن.













گەلەری