سەردێڕ:

لە پێکدادانێکی چەکداریدا لە فڕۆکەخانەی کابوڵ پۆلیسێک کوژرا و سیانی دیکە برینداربوون

PM:07:21:23/08/2021

4400 جار خوێندراوەتەوە

سوپای ئەڵمانیا رایگەیاند، لە ئەنجامی پێکدادانی چەکداری لە نێوان سوپا و پۆلیسی ئەفغانستان لەگەڵ چەند چەکدارێکی نەناسراو لە فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی کابوڵ، پۆلیسێکی ئەفغانی کوژرا و سیانی دیکە برینداربوون.


ئەمڕۆ دووشەممە، سوپای ئەڵمانیا رایگەیاند، لە ئەنجامی پێکدادانی چەکداری لە فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی کابوڵ پۆلیسێکی ئەفغانی کوژرا و سیانی دیکە برینداربوون. ئاماژەی بەوەشدا، پێکدادانە لە نێوان چەند چەکدارێکی نەناسراو و سوپا و پۆلیسی ئەفغانستان روویداوە.

ئەوەشی خستەڕوو، شانبەشانی سوپای ئەفغانی، سوپای ئەڵمانیا و ئەمریکاش لەگەڵ چەکدارە نەناسراوەکان پێکدادان لە نێوانیاندا روویداوە، بەڵام هیچ سەربازێکی ئەمریکی ئەڵمانی نەکوژراون و نەبرینداربوون.

دوای کۆنتڕۆڵکردنی کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان و فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی ئەو شارە، بەهۆی گەڕانەوەی پەیکە دبلۆماتییەکان بۆ وڵاتەکانی خۆیان و ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی هەوڵی چوونەدەرەوەی ئەو وڵاتەدەدەن.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، تا ٢٤ کاتژمێری رابردوو ١٦ فڕۆکەی سەربە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانیویانە پێنج هەزار و ٩٠٠ هاوڵاتی لە فڕۆکەخانەی کابوڵەوە ببنەدەرەوەی ئەفغانستان.

ئەڵمانیاش دوو هەزار و ٥٠٠ هاوڵاتی و بەریتانیاش پێنج هەزار و ٧٠٠ هاوڵاتییان بردووەتە دەرەوەی ئەفغانستان و بەرەو ئەمریکا ویەکێتی ئەوروپا و بەریتانیایان بردوون.

لەلایەن خۆشیەوە، جۆزێب بۆرێڵ رێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، پێش ٣١ ئاب، هەرگیز ناتوانن کۆی ئەو کەسانەی یارمەتی هێزە نێودەوڵەتییەکانیانداوە ببەنە دەرەوەی ئەفغانستان. دەشڵێت، "بەدورینازانم ئەمریکییەکان بۆچوونی خۆیان بگۆڕن و دوای ئەو رێکەوتەش لە ئەفغانستان بمێننەوە".

ئەمە لەکاتێکدایە،لە سەرەتای مانگی تەمموزی رابردوو، بەبریارێکی سەرۆکی ئەمەریکا سەرجەم هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان کشێنرانەوە و بزوتنەوەی تاڵیبان دەستیکرد بە شەڕ و زۆربەی شارەکانی کۆنترۆڵکرد و دەستی بەسەر کابوڵی پایتەخت و کۆشکی سەرۆکایەتیدا گرت و حکومەتی ئەفغانستان رووخا و سەرۆکى ئەو وڵاتەش بەرەو تاجیکستان هەڵهات و ئێستا نیشتەجێی ئیماڕاتە.

کـ، ئـ













گەلەری