سەردێڕ:

وەزیرێكى پێشووى ئەفغانستان بە پاسکیل کاری گەیاندنی خواردن دەكات

AM:09:11:23/08/2021

9884 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی هەواڵی رۆژنامەیەکی ئەڵمانی، لە ئێستادا وەزیری پێشووی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای ئەفغانستان لە شاری لایپزیگی ئەڵمانیا کاری گەیاندنی خواردن دەکات بە پایسکیل.


رۆژنامەی Leipziger Volkszeitungی ئەڵمانی بڵاویکردووەتەوە، سەید ئەحمەد سەعادەت کە لە حکومەتی پێشووی ئەفغانستان وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیا بووە، لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ـەوە وازی لە وەزیری هێناوە و چووە بۆ ھەرێمی ساکسۆنیا لە ئەڵمانیا.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای ئەوەی سەعادەت پارەکانی تەواو دەبێت دەستدەکات بە کاری گەیاندنی خواردن بە پایسکل لە کۆمپانیایەکی دابینکردنی خواردن.

رۆژنامەکە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ وەزیری پێشووی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای ئەفغانستان ئەنجامداوە و وتوویەتی، "لە ئێستادا ژیانێکی سادە دەژیم، لە ئەڵمانیا ھەست بە پارێزراوی دەکەم، دەمەوێت پارە کۆبکەمەوە بۆ ئەوەی بچمە خولی فێربوونی زمانی ئەڵمانى و زیاتر بخوێنم، داواکاریم بۆ ئیشێکی زۆر پێشکەش کرد بەڵام بێ ئەنجامبوون و خەیاڵی ئێستام، کارکردنە لە کۆمپانیایەکی بوارى تیلیكۆمى ئەڵمانی."

رۆژنامە ئەڵمانییەکە باسی لەوەشکردووە، سەید ئەحمەد سەعادەت پێشتر لە بەریتانیادا نیشتەجێ بووە و لەسەر بانگهێشتی حکومەتی پێشوویی ئەفغانستان گەڕاوەتەوە و بووەتە وەزیر و دواتر وازی لە پۆستەکەی هێناوە.













گەلەری