سەردێڕ:

عێراق هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا دەگرێتەبەر

PM:09:44:22/08/2021

5280 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری ئابورى سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بۆ پشتبەستن بە وزەی پاک و چارەسەرکردنی کێشەی کەمی کارەبا لە وڵاتدا، عێراق گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی فەڕەنسی کردووە بۆ بەرهەمهێنانی ١٠ هەزار مێگاواتی کارەبا لە وزەی خۆرەوە.


مەزهر محەمەد ساڵح راوێژکاری ئابوری سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەى بەوە کرد، بەکارهێنانی ئەم ئاڕاستەیە لە ناوچە گوندنشینەکان کارێکی زۆر پێویسته بەو پێیەی کە دەتوانرێت وزەی خۆر لەو ناوچانەدا بۆ هەر ماڵێک دابنرێت بۆ ئەوەی کارەبای پێویست و بەشێوەیەکی تاک بۆیان بەرهەمبهێنرێت.

وتیشی، سیاسەتی عێراق گۆڕاوە و چیتر پشت بە وزەی پاکی خۆر دەبەستێت بۆ ئەوەی بتوانرێت شانبەشانی وزەی سوتەمەنی بوەستینەوە، ئەم کارەش تا رادەیەک ئاسان نییە و پێویستی بە بەرهەمهێنانە کە ماوەکەی لەنێوان سێ بۆ پێنج ساڵی داهاتوو دەبێت.

مەزهر روونیشیکردەوە، حکومەتی عێراق لەبەردەم دوو رێکاردایە، یەکەمیان هەنگاونان لە رێگای کەرتی تایبەتەوە، رێکاری دووەمیش بریتیه لە سیاسەتی بەدەستهێنانی وزەی جێگرەوە.

عێراق ئێستا پێویستی بە نزیکەی ٣٠ هەزار مێگاوات کارەبایە، بەڵام بەمدواییانە بەرهەمهێنانی کارەبا لەو وڵاتە بۆ ١٣ هەزار و ٥٠٠ مێگاوات دابەزی.

یەکێک لە سەرچاوەکانی عێراق بۆ دابینکردنی کارەبا، وڵاتی ئێرانە کە بە پێدانی گاز و کارەبا ٤٠٪ی بەرهەمی کارەبای عێراق دابیندەکات، بەڵام هاوینی گەرمی ئەمساڵ ئێرانیشی توشی گرفتی کەمی کارەبا کردووە.













گەلەری