سەردێڕ:

نوێترین لێدوانی سەرکردە گەنجەکەی ئەفغانستان

PM:09:15:22/08/2021

22612 جار خوێندراوەتەوە

ئەحمەد شا مەسعود کوڕی سەرکردەی کۆچکردووی ئەفغانستان ڕايگەیاند، دۆڵی پەنچشیر ڕادەستی تاڵیبان ناکرێتەوە و ئەگەر هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بدەن ئەوان ئامادەن بەرهەڵستی بکەن و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەفغانستان لە لێواری کارەساتی مرۆییدایە .


ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەحمەد شا مەسعود لە لێدوانێکى بە کەناڵى عەرەبییەى وت، ئەوان ڕووبەڕووی یەکێتی سۆڤیەت بوونەتەوە و دەتوانن ڕووبەڕووی تاڵیبان ببنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، هیچ کێشەیەک لەگەڵ حکومەتێکدا نییە کە تاڵیبان بەشداربێت تیایدا و ئەفغانستان پێویستی بە حکومەتێکی گشتگیر هەیە.

سەرکردە گەنجەکە ئاماژەى بەوەش کرد، دەیەوێت کۆتایی بە شەڕی ئەفغانستان بهێنێت و بەدیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەگەر تاڵیبان دیالۆگ ڕەت بکاتەوە، هیچ ڕێگەیەک جگە لەشەڕ لەئارادانییە و ئەگەر بزوتنەوەکە لەسەر ئەو رێگایە بەردەوامبێت زۆر ناخایەنێت.

هاوکات حکومەتەکەی ئەشرەف غەنی بە بەرپرسیار زانى لە کەوتنی خێرای وڵاتەکەیی و ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان تاڵیبان و ئەمریکای بە خیانەت ناوبرد.

لێدوانەکە لەکاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی تەمموزی رابردوو، بەبریارێکی سەرۆکی ئەمەریکا سەرجەم هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان کشێنرانەوە و بزوتنەوەی تاڵیبان دەستیکرد بە شەڕ و زۆربەی شارەکانی کۆنترۆڵکرد و دەستی بەسەر کابوڵی پایتەخت و کۆشکی سەرۆکایەتیدا گرت و حکومەتی ئەفغانستان رووخا و سەرۆکى ئەو وڵاتەش بەرەو تاجیکستان هەڵهات و ئێستا نیشتەجێی ئیماڕاتە.













گەلەری