سەردێڕ:

راستی و دروستی ڤیدیۆى سەماکردنی چەکدارانی تاڵیبان بەبۆنەی سەرکەوتنیان

PM:06:00:22/08/2021

22544 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، گرتە ڤیدیۆیی چەند چەکدارێکی بزوتنەوەی تاڵیبان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبوەتەوە و بەکارهێنەرانی بانگەشەی ئەوە دەکەن چەکدارەکان ئاهەنگ دەگێڕن بەبۆنەی سەرکەوتنیان لە گرتنەوەی زۆربەی شارەکانی ئەفغانستان، بەڵام لە راستیدا ئەو ڤیدیۆیە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئازاری ئەمساڵ.


رۆیتەرز ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو ڤیدیۆیە هیچ پەیوەندیەکی بە سەرکەوتنی چەکدارانی تاڵیبانەوە نییە.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، نەیانتوانیوە سەرچاوەی ئەو ڤیدیۆیە بدۆزنەوە، بەڵام توانیان لە یوتیوبدا بیدۆزنەوە کە لەئازاری ئەمساڵدا پۆستکراوە و ئێستا بڵاوکراوەتەوە.

باسیان لەوەشکردووە، کاپشنەکانی ڤیدیۆکە ئاماژە بە ناوی ''بانو'' دەکەن کە شارۆچکەیەکی پاکستانە و چەند پۆستێك لە یوتیوب پێشنیازی ئەوە دەکەن ئەو چەکدارانە لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیردا سەما دەکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، چەند ڤیدیۆ و وێنەیەکی چەکدارانی تاڵیبان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبووەوە لەکاتی چونە هۆڵی جیم و شاری یاری منداڵان و چەند وێنەیەکی تریان لەکاتی خواردنی ئایسکرێمدا.

ئەم کردەوانەی تاڵیبان لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، بەشێک لە شارەزایان پێیان وایە، ئەو کەسانە ویستویانە دوای ٢٠ ساڵ لەناخۆشیدا کاتیکی خۆش بەسەربەرن، یاخود دەیانەوێت وێنەیەکی جیاواز پێشانی جیهان بدەن و پێیان بڵێن ئەوان گۆڕاون و وەکو ٢٠ ساڵ لەمەوبەر نین. بەشێك لەبەکار‌هێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پێیان وایە ئەوانیش مرۆڤن و دەتوانن یاری بکەن و ئایسکرێم بخۆن.













گەلەری