سەردێڕ:

وتەبێژی کۆمسیۆن: هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر کاتی هەڵبژاردندا نایەت

PM:01:46:21/08/2021

3848 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر کاتی هەڵبژاردندا نایەت و بە هاوکاری دوو کۆمپانیای کۆری و ئەڵمانی و دەزگای هەواڵگری، بۆ جاری دووەم و سێیەم سێرڤەرەکانی هەڵبژاردن پشکنینى بۆ دەکەنەوە، بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق.


جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پێدانی کارتی نوێ بەردەوام دەبێت و تاوەکو ئێستا زیاتر ٨٥٪ی دەنگدەران کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە ١٠٠ چاودێر لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکان دێنە عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکانیش زیاتر لە ٢٠٠ چاودێری نێودەوڵەتی بۆ پرۆسەکە دابینکردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئاسایشی بنکەکان پارێزراو دەبێت و هێزی ئەمنی فراوان بۆ پاراستنی بنکەکان دابین دەکرێت. هاوکات لە هەموو بنکەکاندا هێزی ئەمنی و چاودێرانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان ئامادە دەبن.

لەبارەی کاتی هەڵبژاردنەکەشەوە وتەبێژی کۆمسیۆن بە ئێن ئاڕ تی وت، هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت و هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر کاتی ئەنجامدانیدا نایەت، هەڵبژادنی گشتی لە ١٠ تشیرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت و هەڵبژاردنی تایبەتیش لە هەشت و نۆی ئەو مانگەدا بەڕێوەدەچێت.

بڕیارە رۆژى ١٠ى مانگى ١٠ى ئەمساڵ، هەڵبژاردن لە عێراق بەرێوەبچێت جگە لەوەى کۆمسیۆن ئامادەکارییەکانى تەواوکردووە، هەریەک لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى و یەکێتى ئەوروپا و بەشێک لە وڵاتانى جیهان جگە لە هاوکاریی ماددى نوێنەرى تایبەتى خۆیان دەنێرنە عێراق بە مەبەستى چاودێریکردنى پرۆسەکە و رێگرییکردن لە ساختەکاریی.













گەلەری