بڵاوبوونەوەی گرتەیەکى ڤیدیۆیی رادەستکردنی منداڵێکی ساوای ئەفغانستان لەلایەن دایک و باوکیەوە بەنێو تەلى فڕۆکەخانەى کابوڵ بە هێزەکانی ئەمەریکا لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
جەیمس ستینجەر، وتەبێژی هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا لەبارەى چارەنووسى منداڵە ساواکە رایگەیاند "دۆخی تەندروستى منداڵەکە باشە و لەگەڵ دایک و باوکى و خێزانەکەیدا یەکیانگرتووەتەوە".
ئاماژەی بەوەشدا، دوای وەرگرتنی منداڵەکە لە دایك و باوکی گوازراوەتەوە بۆ یەکەی
پزیشکی تایبەت بە هێزەکانی ئەمەریکا و چاودێری کراوە.
جەیمس ئەوەشی خستووەتەڕوو، منداڵەکە لەگەڵ دایک و باوکیدایە و ئێستا لەشوێنێکی
ئارامی فرۆکەخانەکەدان.
دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کشانەوە، خەڵکی ئەو وڵاتە روویانکردەوە
فرۆکەخانەی حامید کارزای لەکابوڵی پایتەخت بۆ ئەوەی کۆچ بۆ دەرەوەی وڵات بکەن و لەژێر
دەستی بزوتنەوەی تاڵیبان نەمێننەوە و لە چەند گرتەیەکی تردا دایکان و باوکان
دەردەکەوون کە منداڵەکانیان بەسەر دیوارێکى تەلڕێژکراودا رادەستی هێزەکانی ئەمەریکا
دەکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی تەمموزی رابردوو، بەبریارێکی سەرۆکی ئەمەریکا
سەرجەم هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان کشێنرانەوە و بزوتنەوەی تاڵیبان دەستیکرد
بە شەڕ و زۆربەی شارەکانی کۆنترۆڵکرد و دەستی بەسەر کابوڵی پایتەخت و کۆشکی سەرۆکایەتیداگرت و حکومەتی ئەفغانستان رووخا و سەرۆکى
ئەو وڵاتەش بەرەو تاجیکستان هەڵهات و ئێستا نیشتەجێی ئیماڕاتە.