سەردێڕ:

منداڵێکی لە سکی دایکیدا کوشت و دادگاش بەو تۆمەتە دەستگیری ناکات

PM:10:13:19/08/2021

9912 جار خوێندراوەتەوە

لە پارێزگای لیژی بەلجیکادا پیاوێک پاش ئەوەی بەچەقۆ هێرشدەکاتە سەر ژنێک و منداڵەکەی سکی دەکوژێت، بەڵام بەتۆمەتی کوشتنی منداڵەکە دەستگیرناکرێت.


پیاوەکە تەمەنی ٢٣ ساڵانە، کە هێرشیکردووەتە سەر ژنێک لەماڵەکەیدا لە پارێزگای لیژی رۆژهەڵاتی بەلجیکا، دوای ئەوەی چەند جارێک چەقۆ لە دەموچاو و ملی ژنەکە دەدات، بەوهۆیەوە ژنەکە کە دووگیان بووە بە منداڵێکی نۆ مانگ، منداڵەکەی گیانی لەدەستداوە و لەئێستاشدا ژنەکە لە نەخۆشخانە دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.

بەگوێرەی وتەی لێکۆڵەرانی بەلجیکا، پیاوەکە بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتنی ژنەکە تۆمەتبار دەکرێت، نەک بەتۆمەتی کوشتنی منداڵە نۆ مانگانەکەی سکی ژنەکە.

لە وتەیەکیشدا ئەو پیاوە بە پۆلیسی بەلجیکای راگەیاندووە، "ئەوەی لەبیرە کە لە چێشتخانەی خانووەکەدا چەقۆکەی هەڵگرتووە، بەڵام دوای ئەوەی لەبیر نییە چونکە بڕێکی زۆر کحولی خواردووەتەوە و ئاگای لەخۆی نەبووە."

پیاوەکە ناوی "ئەسڵان"ە و تەمەنی ٢٣ ساڵانە، بە رەگەز چیچانییە و هیچ پێشینەکەی تاوانکاری ناوخۆیی لەلای پۆلیس نەبووە، لە ئێستاشدا بەتۆمەتی هەوڵی کوشتنی ژنێک دەستگیرکراوە.

لەبارەی کەیسەکەشەوە، رێک ڤانروسێل پارێزەری دادگای تاوانەکانی بەلجیکا بە بی بی سی بەریتانی راگەیاندووە، منداڵەکە هێشتا لەدایک نەبووە و هیچ بوونێکی یاسایی نییە لەبەردەم یاسای تاوانەکانی بەلجیکادا، ئەمەش بەمانای ئەوە دێت کە ناتوانرێت لێکۆڵینەوە لە زیانگەیاندن یان کوشتنی منداڵێکی لەدایکنەبوو بەمەبەست و بەئەنقەست بکرێت.

تایبەت بەو پرسەش بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، ئازاد دۆسکی پارێزەری راوێژکار لە دادگای سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەپێی ماددەی ٤١٧ و ٤١٨ لە یاسای ١١١ی سزادانی عێراقی ساڵی ١٩٦٩، ئەو کەسە تۆمەتبارە بە کوشتنی منداڵەکە و سزای زیاتر لە ١٠ ساڵ زیندانیکردن دەیگرێتەوە و ئازادکردنی بە کەفالەتیش نایگرێتەوە.

بەگوێرەی وتەی ئازاد دۆسکی، لە یاسای سزادانی عێراقیدا ئەو کەسە تۆمەتبارە بەهەوڵی کوشتن ئیتر ئەگەر کەسەکەی کوشتبێت یان نا.

لە چەند وڵاتێکی، وەک بەریتانیا و بەلجیکا منداڵێک کە هێشتا لەدایک نەبووبێت و لەسکی دایکیدا بێت، ئەوا وەک کەسێک لەژێر یاسای تاوانکارییەکاندا مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت.













گەلەری