سەردێڕ:

فەڕەنسا مەرجەکانی خۆی بۆ تاڵیبان ئاشکراکرد

PM:05:42:19/08/2021

4644 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، پێویستە بزوتنەوەی تاڵیبان پابەندبێت بە رێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ و ژنان و ئاسانکاریکردن بۆ هەر کەسێک بەنیازە ئەفغانستان بەجێبهێڵێت و رێگەنەدات وڵاتەکەیان ببێتە "مۆڵگەی تیرۆرستان" و رێگە بدات هاوکارییە مرۆییەکان بگەنە ئەو وڵاتە، ئەوکاتە لە ئاستی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدادەنرێت.


ژان ئیڤ لۆردیان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی بی ئێف ئێم تی ڤی فەڕەنسی رایگەیاند، پێنج مەرج هەن پێویستە بزوتنەوەی تاڵیبان پێیانەوە پابەندبێت تا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی پێدابنێت.

ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە بزوتنەوەی تاڵیبان پابەندبێت بە رێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ و ژنان بەتایبەتی تر و ئاسانکاریکردن بۆ هەر کەسێک بەنیازبێت ئەفغانستان بەجێبهێڵێت و رێگەنەدات وڵاتەکەیان ببێتە "مۆڵگەی تیرۆرستان"، دەشڵێت، ئەو کات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی پێدادەنێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان قسەیان لە تاڵیبان ناوێت، بەڵکو ئەوەی بزوتنەوەکە دەریبڕیوە پێویستە بە کردار جێبەجێی بکات.

دەشڵێت، پێویستە بزوتنەوەکە رێگەبدات هاوکارییە مرۆییەکان بگەنە ئەفغانستان، ئامادەیی ئەوەشیان دەربڕیوە کە پابەندی رێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ دەبن بەتایبەتی ژنان، دەبێت ئەمە بەکردار بسەلمێنن.

ژان ئیڤ لۆردیان باسی لەوەشکرد، کۆتا مەرج ئەوەیە کە دەبێت حکومەتێکی راگوزەر پێکبهێنرێت، وتیشی، ئەگەر بزوتنەوەی تاڵیبان ئەم داخوازییانە جێبەجێنەکات ئەوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەبێتە "بزوتنەوەیەکی قێزەون."

رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان، پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ گەورە ویلایەتی ئەفغانستان چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە و سەرۆکی ئەو کاتی ئەفغانستانیش وڵاتی جێهێشت.













گەلەری