وەزارەتی بازرگانی عێراق و تورکیا رێککەوتنێکی نوێیان لە بارەی پێکهێنانی چەند لیژنەیەکی هاوبەش واژۆکرد بە ئامانجی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان دوو وڵات و دۆزینەوەی روانگەیەکی هاوبەش بەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی بازرگانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردوە و تیایدا هاتووە، عەلا جبوری وەزیری بازرگانی عێراق و محەمەد موش وەزیری بازرگانی تورکیا لە بەغدا کۆبوونەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، عەلا جبوری ئامادەیی عێراقی دەربڕیوە لەبارەی پەرەپێدانی
پەیوەندییە ئابورییەکانی لەگەڵ تورکیا و زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان
ئەو دوو وڵاتە بە ئامانجی گەیشتنی کاڵا و پێداویستی بۆ شارە گەورەکان.
راگەیەنراوەکە ئەوەشى خستووەتەڕوو، عێراق پێداگری
دەکات لەوەی کاڵا و پێداویستییەکان لە رێگەی دەروازە سنورییە نێودەوڵەتییەکانەوە
هاوردەی ناو وڵات بکرێن بە ئامانجی گرتنە
بەری رێکارە یاساییەکان و رێگری کردن لە هاوردەکردنی کاڵای قەدەغەکراو و قاچاخچێتی.
لەبارەی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکانەوە، وەزیری
بازرگانی عێراق داوای لە وەزیری بازرگانی تورکیا کردووە کۆمپانیا تورکییەکان لەدامەزراندنی
پرۆژەکانی یەکەی نیشتەجێبوون و بونیادنانی ژێرخانی ئابوری عێراق رۆڵی گرنگ بگێڕن و
ئاڵوگۆڕی ئەزموون و شارەزایی و پسپۆڕی لەگەڵ کۆمپانیا عێراقییەکان ئەنجام بدەن.
بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و گەشەپێدانی
پرۆژەکان، راگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەداوە، هەردوو وەزیری بازرگانی عێراق و تورکیا
رێککەوتنێکیان واژۆکردووە لەبارەی دروستکردنی چەند لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشە
ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان دوو وڵات و هاوبەشی پێکردنیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە
ئابوری و بازرگانییەکان و دانانی هێڵەگشتییەکان بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا چەندین جار
حکومەتی تورکیا ئاشکرای کردووە عێراق لە پێشینەی ئەو وڵاتانەدایە کە هاوردەکارێکی
گەورەی کاڵا و پێداویستی و خۆراکی بەرهەمهێنراوی تورکیا لە بوارەکانی کەلوپەل و پێداویستی
ناوماڵ و سەوزەی تورکی بەپلەی یەکەم تەمامەتە و بەرهەمەکانی و خواردنە سەرەکییەکانی
ژەمی بەیانیان و بەرهەمەکانی شیرەمەنی و خواردنە لە قوتونراوەکان.
کـ ، ئـ