سەردێڕ:

سەرۆکى پێشووى ئەفغانستان چەند پارەى لەگەڵ خۆى بردە دەرەوە؟

PM:09:39:18/08/2021

17268 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزی ئەفغانستان لە تاجیکاستان رایگەیاند، "ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشوو و هەڵهاتووی ئەفغانستان لەکاتی هەڵهاتنی لەوڵاتەکەیدا بڕی ١٦٩ ملیۆن دۆلاری لە خەزێنەی دەوڵەت بردووە".


لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا، محەمەد زەهیر ئەغبار باڵیۆزی ئەفغانستان لە تاجیکاستان هەڵهاتنەکەی ئەشرەف غەنی بە "خیانەت لە دەوڵەت و نەتەوە" لەقەڵم داوە. دەشڵێت، "پەیوەندی دەکەم بە پۆلیسی ئینتەرپوڵەوە و داوای دەستگیرکردنی ئەشرەف غەنی لێدەکەم".

لەوبارەیەشەوە، شخریور نازریف بەڕێوبەری نوسینگەی ناوەندی ئینتەرپوڵ لە تاجیکاستان بەمیدیاکانی راگەیاندووە، "هیچ داوایەکی تایبەت بەدەستگیرکردنی ئەشرەف غەنی بەدەست نەگەشتووە".
پاش ئەوەی لەلایەن حکومەتی ئیماراتەوە پێشوازیی لەخۆیی و خانەوادەکەی کرا، ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، "وڵاتەکەی جێهێشتووە بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارە و سەروەت و سامانێک لەگەڵ خۆیدا ببات".
ئەشرەف غەنی ئەوەشی خستەڕوو، "نەیویستووە هیچ خوێنیک لەوڵاتەکەیدا بڕژێت بۆیە رووبەڕووی چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان نەبووەتەوە".

 

ئەمڕۆش، وەزارەتی دەرەوە و هەماهەنگی ئیمارات رایگەیاند، وڵاتەکەی پێشوازی لە ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشووى ئەفغانستان و خانەوادەکەی کرد "لە چوارچێوەی بەها مرۆییەکاندا."

پاش ئەوەی کابوولی پایتەختی ئەفغانستان لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبانەوە کۆنتڕۆڵکرا، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان بەرەو تاجیکستان هەڵهاتووە و دواتریش لەراگەیەندراوێکدا وتی، "نەیویستووە کە خوێنی کەس بڕژێت، بۆیە روبەڕوی بزوتنەوەی تاڵیبان نەبووەتەوە."

رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، چەکدارانی تاڵیبان، پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ گەورە ویلایەتی ئەفغانستان، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە.

ئەفغانستان، دانیشتوانەکەی ٣٨ ملیۆن کەسە و نزیکەی ٤.٥ ملیۆن کەس لەکابوڵی پایتەختدا دەژین کە دەکاتە ١٢٪ رێژەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئەفغانستانەوە. هاوکات، لە ٣٤ ویلایەت و ٤٢١ هەرێم پێکهاتووە.

روبەری ئەفغانستان ٦٥٢ هەزار و ٨٦٠ کیلۆمەتری چوار گۆشەیە، کە ئەمەش هاوتایە بەرووبەری ویلایەتی تەکساسی ئەمەریکا و دوو هێندەی رووبەری بەریتانیایە.













گەلەری