سەردێڕ:

سەرچاوە داراییەکانی تاڵیبان چین و چۆن ئەفغانستان بەڕێوەدەبەن؟

AM:09:24:17/08/2021

6712 جار خوێندراوەتەوە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا نزیکەی هەشت ملیار دۆلاری لەهەوڵە بەردەوامەکانی خەرجکردووە بۆ رێگریکردن لە بزووتنەوەی تاڵیبان لەبازرگانیکردن و قاچاخچێتیکردن بەماددەی هۆشبەر و ئەفیونەوە.


تەنانەت ئەمریکا لە رێگای هێرشە ئاسمانییەکانەوە کێڵگە و تاقیگەی ناو دارستانەکانی تاڵیبانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر و ئەفیون؛ ئەو ناوچانەییان بۆردومان و خاپوور کردووە، بەڵام ئەم ستراتیژییە شکستیهێنا. لەئێستاشدا، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان کشاوەتەوە و بزووتنەوەی تاڵیبانیش کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەو وڵاتەی کردووە، بەهەمان شێوەی رابردوو، ئەفغانستان بە گەورەترین بازاڕ و کێڵگەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر و ئەفیون دەمێنێتەوە.

ئایا تاڵیبان دەتوانێت دەستبەرداری بەرهەمهێنانی ئەفیون ببێت؟

ململانێ و کێشمەکێش و ئاڵۆزیی و جەنگە ناوخۆیی و دەرەکییە بەردەوامەکانی ئەفغانستان، کە وێرانکارییەکی زۆرییان لەوڵاتەکەدا هێناوەتەکایەوە، هۆکاری سەرەکین بۆ ئەوەی کە بزووتنەوەی تاڵیبان نەتوانێت دەستبەرداری بەرهەمهێنانی ماددەی ئەفیون ببێت.

تەنانەت، چاندن و بەرهەمهێنانی ئەفیون بووە بە تاکەسەرچاوەی داهاتی دەیان هەزار هاوڵاتی ئەفغانی و ئەمەش وادەکات کە بزووتنەوەکە و هاوڵاتییانیش نەتوانن دەستبەرداری چاندن و بەرهەمهێنانی ئەو ماددەیە ببن.

لەلایەکی تریشەوە، گرووپە جیاوازەکانی وڵاتەکە و تەنانەت باڵ و گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵەیەکی چەکدار لەململانێی بەردەوامدان لەسەربەدەستهێنانی پشکی زیاتری چاندنی ئەم ماددەیە و هەندێکیشییان هەڕەشەی تێکدانی سەقامگیرییەتی ئەفغانستان دەکەن.

قەبارەی بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و ئەفیونەوە لە ئەفغانستاندا لەئاستێکدایە، کە ئەم دۆخەی ئێستای ئەو وڵاتە کاریگەری گەورە و دیاریی دەبێت لەسەر رێژەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر لەتەواوی جیهاندا، رێژەی کاریگەرییەکەشی بە ٨٠% لەسەر ماددەی هۆشبەر و ئەفیونی جیهانی دادەنرێت.

هەر لەسەر پرسی بازرگانیکردن و بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر و ئەفیون لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبانەوە، سیزار جۆدس بەرپرسی نوسینگەی نەتەوەیکگرتووەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوان و ماددەی هۆشبەر لە کابوڵ باسی لەوەکرد، "بزووتنەوەی تاڵیبان پشت بەبازرگانی ماددەی ئەفیون دەبەستێت وەک تاکە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی ناوخۆیی".

سیزار جودس ئەوەشی خستەڕوو، "ئەم دۆخەی ئێستای ئەفغانستان کە لەلایەن تاڵیبانەوە کۆنتڕۆڵکراوە، کاریگەری دەکاتە سەر ئاستی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر و دابەزاندنی نرخەکەی، چونکە رێژەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر بەرزدەبێتەوە و رووبەڕی بازرگانییەکەشی فراوانتر دەبێت". دەشڵێت، "بەچوونە نێو کابوڵ، ئەو گروپە و چەکەدارەکانی کاردەکەن بۆ فراوانکردنی بازرگانیکردن و بەرهەمهێنانی رێژەی زیاتری ماددەی هۆشبەر".

بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر

هەرچەندە بەکارهێنانی هێز و رێکاریی حکومی نەیتوانیوە کە چاندنی درەختی ئەفیون رابگرێت لە ئەفغانستان، بەڵام چەند هۆکارێکی دیکە هەیە کە وادەکات جوتیارەکان پێش ئەوەی بڕیار بدەن زەوییەکانیان بەم درەختە نامۆیە بچێنن، لەبەرچاویان بگرن.

چەند هۆکارێکی سەرەکی هەن، لەوانەش رێژەی بارانبارینی ساڵانە، نرخی گەنم، کە وادەکات چاندنی درەختە جیاوازەکانی تایبەت بە ماددەی هۆشبەر وەک شوێنگرەوەیەک لەقەڵەم بدەن.

هەروەها، نرخی ئەفیون و هیرۆین لەبۆڕسەی جیهانیدا، بەهەمان شێوە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر جوتیاران هەیە بۆ چاندنی زەوییەکانیان بەماددەی هۆشبەر.

لەرووی سود و قازانجیشەوە، چاندن و بازرگانیکردنی ئەم جۆرە درەختانە، سوود و زیان و مەترسیی خۆی هەیە، جوتیارانی ئەفغانیش لەکاتی چاندنی زەوییەکانیاندا لەبەرچاویان دەگرن. لەگەڵ ئەمانەشدا، هێشتا بەرهەمهێنان و چاندنی درەختی ئەفیون و ماددە هۆشەبەرەکان لەگەشەسەندندایە.

لەماوەی ساڵانی رابردووشدا، رێژەی بەرهەمهێنانی ماددەی ئەفیون بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و بەگوێرەی ئامارێکی نەتەوەیەکگرتووەکانیش، لەساڵی رابردوودا بەرێژەی ٣٧% زیادی کردووە.

بزووتنەوەی تاڵیبان و ماددەی هۆشبەر

نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر ئامارێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، تەنها لەساڵی ٢٠١٧شدا لەئەفغانستان بڕی نۆ هەزار و ٩٠٠ تۆن لەماددەی ئەفیون بە بەهای یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار فرۆشتووە.

لەلایەکی تریشەوە، تەنها لەساڵانی نێوان ٢٠١٨ و ٢٠١٩دا، بزووتنەوەی تاڵیبان زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری لەفرۆشتنی ماددەی هۆشبەر دەستکەوتووە.

راپۆرتی پشکنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ئەوەی خستوەتەڕوو، بزووتنەوەی تاڵیبان تا ٦٠٪ی داهاتی ساڵانەی لە رێگەی بازرگانی ماددەی هۆشبەرەوە بەدەست دەهێنێت.

تەنانەت، لەتوێژینەوەیەکی مەیدانی "دەیڤد مانسفیڵد" توێژەری پێشەنگی بازرگانی دەرمانی نایاسایی لە ئەفغانستاندا هاتووە، هەندێک لەو بارهەڵگرانەی کە ماددەی هۆشبەر دەگوازنەوە، بەسنووری نێوان ئێران و ئەفغانستاندا تێپەڕدەبن و رێکاری تایبەت لەگواستنەوەیدا دەگرنەبەر.

ئەو توێژەرە بەپەشتبەستن بە توێژینەوە مەیدانییەکەی دەڵێت، زۆرترین داهاتی تاڵیبان لە بازرگانی نارێکرخراوەیی ماددەی هۆشبەردا، نزیکەی ٤٠ ملیۆن دۆلارە لە ساڵێکدا، ئەمەش زیاتر لە رێگای کرێی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر و تاقیگەی هێرۆیین و گواستنەوەی دەرمانەوە بەدەستیدەهێنێت.

ماددەی هۆشبەر؛ بازرگانییەک بۆداهاتوو

بەگوێرەی وتەی پشکنەری گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، حکومەتی وڵاتەکەی لەنێوان ٢٠٠٢ تا ٢٠١٧دا، نزیکەی هەشت ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ کۆتاییهێنان و بنەبڕکردنی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر لەئەفغانستان و بەتایبەتیش بزووتنەوەی تاڵیبان خەرجکردووە.

لەسەر ئەوەش، فەرماندەی خانەنشینبووی ئەمریکا جۆزێف فۆتێل کە فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بووە لەنێوان ساڵانی ٢٠١٦ تا ٢٠١٩، پشتڕاستیکردووەتەوە، "کۆی هەوڵەکانی ئەمریکا و ئەو پاڵپشتییە داراییانەی کە بۆ قەدەغەکردنی ماددەی هۆشبەر لە ئەفغانستان تەرخانیکردووە، بە ئەنجام نەگەیشتووە و شکستی هێناوە".

بزووتنەوەی تاڵیبان

لە مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٩٤ لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ٥٣ خوێندکاری خوێندنگەیەکی ئایینی یەکەم شانەى بزوتنەوەی تاڵیبان لەسەر دەستی مەلا محەمەد عومەر بەڕێوەبەری خوێندنگەکە لە ویلایەتی قەندەهار لە سنوری وڵاتی پاکستان پێکهێنرا.

مەلامحەمەد عومەر موجاهید ساڵی ١٩٥٩ لە ویلایەتی قەندەهار لە دایک بووە و لە ساڵی ٢٠١٣ لە بۆردومانی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە پاکستان گیانی لەدەستدا. لە ساڵى ١٩٩٤ بە شێک لە خوێندکارەکانی قوتابخانە ئایینیەکەی بەمەبەستی کوتاییهێنان بە گەندەڵى و بەرگرتن لە بەلادانی ئەخلاقی "بە دیدی ئەوان"، بەیعەتییان پێدا و بە ئەمیری خۆیان هەڵیان بژارد و قبوڵییان کرد.

رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان، پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ گەورە ویلایەتی ئەو وڵاتە، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە و دوای چەند کاتژمێرێکیش، ئەشرەف غەنی سەرۆکی کۆماری ئەفغانستان، وڵاتی بەرەو تاجیکاستان بەجێهشت و لەپەیامێکیشیدا رایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی نەیویستووە خوێن بڕژێت، ئامادە نەبووە رووبەڕووی بزووتنەوەی تاڵیبان ببێتەوە".

ئەفغانستان، دانیشتوانەکەی ٣٨ ملیۆن کەسە و نزیکەی ٤.٥ملیۆن کەس لەکابوڵی پایتەختدا دەژین کە دەکاتە ١٢٪ رێژەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئەفغانستانەوە. هاوکات، لە ٣٤ ویلایەت و ٤٢١ هەرێم پێکهاتووە.

رووبەری ئەفغانستان ٦٥٢ هەزار و ٨٦٠ کیلۆمتەری چوارگۆشەیە، کە ئەمەش هاوتایە بەرووبەڕی ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا و دوو هێندەی رووبەڕی بەریتانیا.

 

نەورەس غەریب













گەلەری