سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. ساتی کەوتنەخوارەوەی هاوڵاتیە ئەفغانییەکان لەسەر فڕۆکە ئەمریکییەکە

PM:09:55:16/08/2021

35240 جار خوێندراوەتەوە

دوای کۆنتڕۆڵکردنی کابوڵی پایتەخت لەلایەن چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبانەوە، فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەو شارە پشێویەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا دەردەکەوێت فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکی لەکاتی هەڵفڕینیدا چەندین کەس دوای دەکەون و ژمارەیەک هاوڵاتی دیکەی ئەفغانی خۆیانی پێوە هەڵدەواسن.


گۆڤاری شتیرنی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، ئەو فڕۆکە جەنگییە ئەمریکییەی لە فڕۆکەخانەی کابوڵی پایتەخت بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت ٨٠٠ سەرنشینی ئەفغانی لەگەڵ خۆی بەرەو ئەمریکا گواستووەتەوە.

بەگوێرەی گۆڤارەکە، شەوی رابردوو کاتژمێر ١ و ٣٠ خولەک فڕۆکە جەنگییە ئەمریکییەکە لە فڕۆکەخانەی کابوڵی نێودەوڵەتییەوە لە گەشتی ژمارە RCH871 بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوتووە.

فڕۆکەکە لە جۆری بوینگ سی- 17ەیە و لەو فڕۆکانەبووە چەند دەیەیەکە چەک و چۆڵی بۆ هێزەکانی ئەمریکا گواستووەتەوە و لە یەکێک لە گەشتەکانی دا ١٥٠ سەربازی پەڕەشوتداری گواستووەتەوە.

گۆڤارەکە ئاشکرایکردووە، تۆمارێکی دەنگی کە پەیوەندی بە فڕۆکەوانەکەوەکردووە و کاتێ زانییویەتی فڕۆکەکە ٨٠٠ سەرنشینی هەڵگرتووە، بەسەر سوڕمانەوە وتوویەتی: "چی؟ ٨٠٠ سەرنشین، نەفرەتی لێبێت!".

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ دوای ئەوەی ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان ئەو وڵاتەی بەجێهێشت، چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان چونە ناو کابوڵی پایتەختی ئەو وڵاتەو دواتر کۆشکی سەرۆکایەتییان کۆنتڕۆڵکرد، شەوی رابردووش فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ جموجوڵێکی زۆر و پشێوی و نائارامییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی کە پەیکە دبلۆماسییەکان و شاندەکان و باڵیۆزخانە و کارمەندانی بیانی ئەو وڵاتەیان بەجێهێشت و ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتییانی ئەو وڵاتەش وڵاتیان بەجێهێشت.













گەلەری