بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، تۆپخانەکانی تورکیا بۆردوومانی سنووری زاخۆیان کردووە و بەهۆییەوە هەشت کەس گیانیانلەدەستداوە و ٢٥ کەسیش برینداربوون.
بەگوێرەی زانیارییەکان رووداوەکە لە سەیرانگایەکی نزیک گوندی پەرەخێ لە ناحیەی دەرکاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ روویداوە و چوار تۆپ داویەتی بەناو شوێنێکی گەشتیاریدا و بەهۆیەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٥ کەسی دیکە بریندارن.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو کەسانەی گیانیانلەدەستداوە و بریندار بوون زۆرینەیان بەرەگەز عەرەبن و بەمەبەستی گەشتوگوزار روویان لەناوچەکە کردووە.
موشیر محەمەد قائیمقامی زاخۆ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بۆردوومانەکە لەلایەن
دەوڵتی تورکیاوە ئەنجامدراوە و بە بیانووی بوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی
کوردستانەوە هێرشەکە ئەنجامدراوە.
باسی لەوەشکردووە، بابەتەکە پەیوەندی بە
سەروەری خاکی عێراق و بەزاندنی سنوورەوە هەیە.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد،
لەماوەی رابردوودا بەشێوەیەکی بەردەوام لەلایەن تۆبخانە و فڕۆکە جەنگییەکانی
تورکیاوە بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لەماوەی مانگی رابردوودا ئەمە سێیەمین جار بووە کە گوندی
پەرەخێ لە سنوری قەزای زاخۆ لەلایەن تورکیاوە بۆردومان بکرێت.