سەردێڕ:

حکومەتى عێراق هەنگاوێکى بەپەلە بۆ رزگارکردنى هاوڵاتییەکانى لەم وڵاتە دەگرێتەبەر

PM:03:32:16/08/2021

12676 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێك لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە ئاشکرایکرد، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی حکومەتی عێراق و بەهاوکاری روسیا هەوڵدەدرێت هاوڵاتییە عێراقییە گیرخواردەکانی وڵاتى ئەفغانستان، رزگار بکرێن.


چاوگەکە ئاماژەى بەوەشکرد، باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەفغانستان بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی روسیادا پڕۆسەکە ئەنجامدەدەن.

رونیشیکردەوە، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەستاوە بە ئامادەکردن و چاپکردنی پاسپۆرت بۆ بەشێك لە رەوەندی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان.

باسی لەوەشکرد، حکومەتی عێراق لە هەوڵی ئامادەکردنی فڕۆکەیەکە تا لەڕێگەى فرۆکەخانەی حامید کارزای دەست بە ڕزگارکردنى رەوەندى عێراقى ئەو وڵاتە بکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی تەموزی رابردوو، حکومەتی ئەمەریکا سەرجەم هێزەکانی لە ئەفغانستان کشاندەوە و بزوتنەوەی تاڵیبان دەستیکرد بە شەڕ و زۆربەی شارەکانی کۆنترۆڵکرد و دەستی بەسەر کابوڵی پایتەخت و کۆشکی سەرۆکایەتیدا و گرت و سەرۆکی ئەو وڵاتەش دەستبەرداری دەسەڵات بوو و بەرەو تاجیکستان کەوتەڕێ.













گەلەری