سەردێڕ:

لە دوای دەستگرتن بەسەر ئەفغانستاندا لەلایەن تاڵیبانەوە؛ کێ دەسەڵات دەگرێتە دەست؟

PM:10:40:15/08/2021

17440 جار خوێندراوەتەوە

چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان بێ روبەڕوبوونەوە چوونە ناو کابوڵی پایتەختی ئەفغانستانەوە و دەستیان بەسەر کۆشکی سەرۆکایەتیدا گرت. لە ئێستادا بزوتنەوەکە سەرقاڵی هەڵبژاردنی یەکێک لەو چوار سەرکردەیەن تا بیکەنە سەرۆکی وڵات.


لە ئێستادا هەریەک لە مەلا هیبەتوڵا ئاخوند زادە و عەبدولغەنی برادەر و سیراجەدین حەققانی و یەعقوب محەمەد عومەر کوڕی مەلا محەمەد عومەر سەرکردەی پێشووتری تاڵیبان ململانێی گرتنەدەستی دەسەڵات دەکەن لە ئەفغانستان و بزوتنەوەکەش سەرقاڵی دەستنیشانکردنی یەکێکیانە بۆ ئەو پۆستە.

مەلا هیبەتوڵا ئاخوند زادە لە دیارترین کاندیدەکانە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەختەر محەمەد مەنسور سەرکردەی پێشووی بوزتنەوەی تاڵیبان لە هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە پاکستان کوژرا، بزوتنەوەکە بە سەرکردەی خۆیان هەڵیان بژارد.

Open Photo 

 


عەبدولغەنی برادەر، کاندیدی دووەمە بۆ دەستگرتنی دەسەڵات لە ئەفغانستاندا. پێشتر فەرماندەیەکی سەربازی بزوتنەوەی تاڵیبان بووە. لە ساڵی ٢٠١٠ لە شاری کەراچی لە پاکستان دەستگیرکرا و دواتر بەهۆی فشارەکانی ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠١٨ ئازاد کرا.

Open Photo 

 


عەبدولغەنی برادەر بە عەقڵی دبلۆماسی تاڵیبان دادەنرێت و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری بزوتنەوەکە بووە لەگەڵ ئەمریکا و بەهۆی گفتوگۆکانییەوە ئەمریکا و هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان کشانەوە. دواتر سەرۆکی شاندی دانوستانکاری بزوتنەوەکەبووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان کە شکستی هێنا.

سێیەم کاندید، سیراجەدین حەققانییە، کەسی دووەمی ناو بزوتنەوەی تاڵیبان و سەرۆکی تۆڕی حەققانییەکانە لە ناو بزوتنەوەکەدا، کە لەم ساڵانەی دواییدا توندترین هێرشیان ئەنجامداوە بۆ سەر حکومەتی ئەفغانستان.

 

No description available. 


لەلایەن خۆیەوە، ئیدارەی ئەمریکا تۆڕی چەکداری حەققانی خستبووە لیستی گروپە تیرۆرستەکانەوە و بە مەترسیدارترین گروپی دانان بەهۆی هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان.

هەرچی یەعقوب محەمەد عومەرە، سەرۆکی لیژنەی سەربازی بووە لە ناو بزوتنەوەی تاڵیبان، بەهۆی ئەوەی کوڕی مەلا محەمەد عومەرە، پێگە و هەژموونێکی تایبەتی هەیە و سەربازانی تاڵیبان رێزیکی تایبەتی لێدەگرن.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی کەمتر لە ١٠ رۆژ، چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان هێرشەکانیان بۆسەر چەندین ویلات لە ئەفغانستان دەستپێکرد و لە کەمتر لە هەشت رۆژدا توانیان لە کۆی ٣٤ ویلایەت دەست بەسەر زیاتر لە ٢٠ ویلایەت و پایتەختەکانیاندا بگرن و چەندین ویلایەتیش بێ روودانی هیچ پێکدادان و شەڕێک کۆنتڕۆڵ بکەن. ئەمڕۆش ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان دوای رازیبوونی لە دەستبەردانی دەسەڵات، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی حکومەت کرد و بە فڕۆکەیەکی ئەمریکی بەرە و تاجیکستان وڵاتی بەجێهێشت.













گەلەری