سەردێڕ:

زانیاری نوێ لە بارەی بەنزینە شاردراوەکەی لوبنانەوە

PM:05:28:15/08/2021

7564 جار خوێندراوەتەوە

دوای تەقینەوەکەی عەکار لە باکوری لوبنان، یەکەکانی سوپای ئەو وڵاتە دەستیان کرد بە هەڵمەتی دۆزینەوەى ئەو کۆگایانەى بەنزین کە بەشێوەى نایاسایى حەشاردرابوون و لە ئەنجامدا دەستبەسەر هەشت کۆگادا گیرا.


ئەمرۆ یەکشەممە، سوپای لوبنان لە شارۆچکەی نەبى عوسمان توانی دەستبەسەر هەشت کۆگاى بەنزیندا بگرێت کە بەشێوەی نایاسایی نزیکەی ٢٠٠ هەزار لیتر مادەی مازوت و ١٣٠ هەزار لیتر بەنزینى تیادا هەڵگیرابوو بۆ ئەوەى بە رێگای نایاسایی ببرێتە دەرەوەی وڵات و لە بازاری رەشدا بفرۆشرێت.

هاوکات لە هەردوو ناوچەی دێر قوبیل و جعیتا، سوپای لوبنان لە پرۆسەی گەڕان و دۆزینەوەی بەنزیندا، دەستی بەسەر هەردوو مادەی بەنزین و مازۆتدا گرت.

هەروەها یەکەیەک لە سوپای لوبنان هەڵیکوتایە سەر ناوچەی سەری بەعلەبەک و خاوەن بەنزینخانە و کۆگاکانى ناچارکرد وێستگە داخراوەکانیان بەڕوی هاوڵاتیاندا بکەنەوە و بەنزینیان پی بدەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی تەلیل– عەکار لە باکوری لوبنان کۆگایەکى بەنزین تەقییەوە و بە هۆیەوە ٢٨ کەس گیانیانلەدەستدا و ٨٠ کەسی دیکەش برینداربوون.













گەلەری