سەردێڕ:

نوێترین زانیاری لە بارەی بەرەوپێشچوونەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان

PM:08:37:14/08/2021

7572 جار خوێندراوەتەوە

بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، دەستی گرتووە بەسەر شاری شرانەی پایتەختی ویلایەتی بەکتیکا لە خۆرهەڵاتی ئەفغانستان و هێرشی بۆسەر شاری مەزار شەریف لە باکوری وڵات دەست پێکردووە و لە باشوری وڵاتیش دەستی بەسەر وێستگەی رادیۆی شاری قەندەهاردا گرت.


ئەمڕۆ شەممە، زەبیحوڵا موجاهید وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، دەستیان بەسەر شاری شرانەی پایتەختی ویلایەتی بەکتیکادا گرتووە و سەرجەم فەرمانگە و بنکەکانی پۆلیس و ئەمنییان کۆنترۆڵکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، مونیر ئەحمەد فەرهاد وتەبێژی حاکمی ویلایەتی بەڵخ رایگەیاند، چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان هێرشییان بۆ سەر شاری مەزار شەریف لە چەند قۆڵێکەوە دەست پێکردووە، کە چوارەم گەورەترین شاری ئەفغانستانە و پایتەختی ویلایەتی بەڵخە.

هەر ئەمڕۆ، بزوتنەوەی تاڵیبان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەیان بەوەکردووە، دەستیان بەسەر وێستگەی رادیۆی شاری قەندەهاردا گرتووە، پاش کۆنتڕۆڵکردنی شارەکە لەلایەن چەکدارەکانیانەوە و رادیۆی "دەنگی شەریعەت" جارێکی دیکە دەستی بە پەخش کردووەتەوە.

بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی سەر بە بزوتنەوەی تاڵیبان، چەند گرتە ڤیدیۆیەکییان بڵاوکردووەتەوە تیایدا دەردەکەوێت سەربازانی حکومەتی ئەفغانستان خۆیان رەدەستی چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیدان دەکەن و بەمەش بزوتنەوەکە دەستی بەسەر چەند جۆری چەکی ئەمریکیدا گرتووە کە ماوەی ٢٠ ساڵە ئەو وڵاتە رادەستی حکومەتی ئەفغانستانی کردووە بە ئامانجی مەشق پیکردن و راهێنانی سەربازانی ئەو وڵاتە.

لەلایەن خۆیەوە، ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان لە وتەیەکیدا کە تەلەفیزیۆنی فەرمی حکومەتەوە پێشکەشی کرد، دوای لە سوپای وڵاتتەکەی کرد خۆیان کۆبکەنەوە و خۆیان رێکبخەنەوە و بەرگری زیاتر بکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، کە بەنیازنییە دەست لەکار بکێشێتەوە وەک ئەوەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە.

هەر ئەمڕۆ، بەرپرسانی ئەمنی رایانگەیاند کە چەکدارانی تاڵیبان لە دوێنی شەوەو ھێرشەکانیان بۆسەر شارەکانی شەرەنە، ئەسەد ئاباد و گاردیز چڕکردووەتەوە.

ئەو بەرپرسە ئەمنیانە راشیانگەیاند کە ئەو شارانە کەوتوونەتە دەست تاڵیبانەوە و ھێزەکانی ئەمنییش تێدا کشاونەتەوە.

لەلایەکی دیکەش دوێنێ بەیانی، ناوەندی ویلایەتەکانی لۆگار، زابول و ئوروزگان کەوتبووە دەستی چەکدارانی تاڵیبانەوە.

 

ھێرشەکانی تاڵیبان بۆسەر ناوەندی پارێزگاکانی ئەفغانستان

دوای بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و شکستھێنانی دانوستانەکانی ئاشتی نێوان حکوومەتی کابوڵ و بزووتنەوەی تاڵیبان، پەلامارەکانی تاڵیبان پێشڕەوییان بەخۆوە بینی و لە مانگی حوزەیرانەوە دوای کۆنترۆڵ کردنی دەیان شارۆچکە ئاڕاستەی ھێرشەکان رووی کردە ناوەندی پارێزگاکان.

ناوەندی پارێزگای نیمروز لەسەر سنووری نێوان ئەفغانستان-ئێران ناوەندی یەکەم ناوەندی پارێزگا بوو کە کەوتە دەست تاڵیبان. بەدوایدا بزووتنەوەکە ناوەندی ٢١ پارێزگای دیکەیشی کۆنترۆڵ کرد و لە ئێستادا تەنھا ناوەندی ١٣ پارێزگا لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی کابوڵدایە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ماوەی هەشت رۆژدا بزوتنەوەی تاڵیبان توانیویەتی دەست بەسەر نیوەی ناوەند و پایتەختی ویلایەتەکان بگرێت و لە ئێستادا تەنها ٥٠ کیلۆمەتر لە کابوڵی پایتەختەوە دوورەوە. پێشتر، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، بزوتنەوەی تاڵیبان لە توانایدا هەیە لەماوەی ٣٠ رۆژدا حکومەتی ئەفغانستان کۆتایی پێبهێنێت و لە ماوەی ٩٠ رۆژدا حکومەت پێکبهێنێت.













گەلەری