سەردێڕ:

ساڵی داهاتوو لە خوێندنگاکان خواردن دابەشدەکرێت

AM:11:37:14/08/2021

18408 جار خوێندراوەتەوە

رەزا قورەیشی، نوێنەری رێکخراوی خۆراکی جیهانی لە عێراق رایگەیاند، رێکخراوەکەیان پلانی داناوە بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن لە عێراق ئەگەر پڕۆسەی خوێندن لەناو پۆل بێت، بەرنامەی خۆراکی خوێندنگاکان لە وڵاتدا جێبەجێ بکات.


ئاماژەی بەوەشداوە، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە هەماهەنگی دەکەن بۆ بەرفراوانترکردنی ئەو بەرنامەیە، تاوەکو زۆرترین منداڵی کەمدەرامەت لێی سودمەندبن و سەرجەم خوێندنگای پارێزگاکان بگرێتەوە، بەڵام ئاماژەى بەوە نەکردووە کە ئایا هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە یان نا.

بەوتەی قورەیشی، سەبەتە خۆراکییەکە بە تەواوی ئەو کالۆریانە دابین دەکات کە بۆ خوێندکار بەسودە، هەروەها زیادکردنی جۆری خواردنی سەبەتەکە تێچووی دارایی زیاتری پێویستە لەکاتێکدا پڕۆژەیاسای بودجە ئاڵێنكاری زۆری لەبەردەمە.

جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە، ئەو بەرنامەیە هەوڵدەدات پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت بۆ بەردەوامبوون لەسەرکەوتن و فراوانکردنی پرۆگرامی خۆراکی قوتابخانەکان و بەپشتیوانی زیاتر دەتوانرێت دەرفەتی باشتر بۆ هەموو منداڵانی وڵات دابینبکرێت بەئامانجی بەرەوپێشبردنی پەروەردە و داهاتوویان.

رێکخراوی خۆراکی جیهانی گەورەترین دەزگای مرۆیی جیهانە لە دژی برسێتی تێدەكۆشێت و ساڵانە هاوكاری خۆراكی بۆ نزیکەی ٨٠ ملیۆن کەس لە ٧٥ وڵات دابیندەكات.













گەلەری