سەردێڕ:

لە رووداوێکی تەقەکردندا لە بەریتانیا شەش کەس گیانیان لەدەستدا

AM:09:00:13/08/2021

6780 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند، بەهۆی رووداوێکی تەقەکردنەوە لە شاری پلیمۆس شەش کەس گیانیان لەدەستداوە، هاوکات، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رووداوەکەی بە شۆکێک ناوزەند کرد.


پۆلیسی بەریتانیا بڵاویکردەوە، لە رووداوێکی تەقەکردن لە شاری پلیمۆس، لە باشوری خۆرئاوای ئەو وڵاتەدا شەش کەس گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان تەقەکەرەکەیە.

ئاماژەی بەوەشداوە، تەرمی دوو ژن و دوو پیاو و کەسێكی دیکەش کە گومان دەکرێت تەقەکەرەکە بێت لە شوێنی رووداوەکە دۆزراونەتەوە، دەشڵێت، ژنێکیش بە برینداری گەیەنراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام لەبەر سەختی برینەکەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

پۆلیسی بەریتانیا ئەوەشی خستوەتەڕوو، "ئەو رووداوە پەیوەندی بە تیرۆرەوە نییە"، تاوەکو ئێستا لە هۆکارەکانی تەقەکردن و ئەو کەسانەی تێوەگلان دەگەڕێن و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.

هاوکات، پۆلیس داواشی لە دانیشتوانی شاری پلیمۆس کردووە، وێنە و ڤیدیۆی رووداوەکە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاونەکەنەوە.

لای خۆشییەوە، پریتی پاتێل وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ئەو رووداوەی بە شۆکێک ناوزەند کرد و راشیگەیاند ''بیری لای ئەو کەسانەیە کە زیانیان پێگەیشتووە."













گەلەری