سەردێڕ:

ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی ئاگرەکەی جەزائیرەوە گەیشتە ٦٩ کەس

AM:08:40:13/08/2021

1536 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی چەند رۆژێکە، ئاگرێک وڵاتی جەزائیر سەریهەڵداوە و تائێستاش ١٧ پارێزگا و ناوچەی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە و لەئێستاشدا ئاماری ئەو کەسانەی بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە گەشتووەتە ٦٩ کەس.


میدیای فەرمی جەزائیر ئەوەی ئاشكراکردووە، تائێستا ٦٩ کەس بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە کە ٢٨ کەسییان سەربازن، تەنها رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیەش زیاتر لە ٥٠ ئاگری دیکە لەو وڵاتە سەریهەڵداوە.

عەبدولمەجید تێببونی سەرۆکی جەزائیر سێ رۆژ ماتەمینی راگەیاند بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی گیانلەدەستدانەکان بۆ ٦٩ کەس.

بەرپرسانی ناوچەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسییان راگەیاندووە، بەهێزیی و خێرایی (با) و سەختی ناوچە شاخاوییەکان هۆکاری سەرەکی کۆنتڕۆڵنەکردنی ئاگرەکانی ئەو وڵاتەن و لە ئێستاشدا لە ١٧ پارێزگا و ناوچەی ئەو وڵاتە ئاگر کەوتووەتەوە.

بەمەبەستی بەدەمەوەچوونی ئاگرەکەی جەزائیر، ئیمانیۆڵ ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا لە تویتەری خۆی بڵاویکردەوە، فەڕەنسا دوو فڕۆکەی تایبەت بەمەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە رەوانەی جەزائیر دەکەن و ئامادەیی هەر هاوکارییەکی وڵاتەکەی بۆ جەزائیر دەربڕی.

هاوکات دەوڵەتی مەغریب کە سنورێکی دوورودرێژی لەگەڵ جەزائیردا هەیە، لە راگەیەندراوێکی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەدا، ئامادەیی رەوانەکردنی هەموو هاوکارییەکی پێویستی بۆ جەزائیر دەربڕی لەکاتێکدا ئەگەر حکومەتی جەزائیر پەسەندی کرد.

سەرباری ئاگرەکەی جەزائیر، ماوەی نزیکەی چەند هەفتەیەکە، ئاگر لەدارستانەکانی هەریەکە لە ئەمریکا، روسیا، سیبریا، تورکیا، یۆنان، ئیتاڵیا و قوبرس کەوتەوە و بەوهۆیەشەوە، دەیان هەزار هێکتار زەوی لە دارستان و سەوازیی سوتان و هێشتاش لەبەشێکی زۆر لەو وڵاتانە ئاگرەکان کۆنتڕۆڵ نەکراون.













گەلەری