دوابەدوای ئەوەی شەوی رابردوو، دوو وەیزیری حکومەتەکەی جۆنسن دەستیان لەکارەکانیان کێشایەوە، تەنها کەمێک دوای رووداوەکە بۆریس جۆنسنی سەرۆکوەزیران رایگەیاند، نەدیم زەهاوی پۆستی وەزیری دارایی وەردەگرێت و لە جێگەی ریشی سوناک دەستبەکار دەبێت.
زەهاوی تەمەنی ٥٥ ساڵە، پێشبینی دەکرێت رووبەڕووی ئاستەنگی و قەیرانی زۆر ببێتەوە بەهۆی ئەو دۆخەی لە وڵاتەکەدا دروست بووە لە ئێستادا و پێویست دەکات رووبەڕووی فشارەکان ببێتەوە باجەکان کەمبکاتەوە لەو ئاستە بەرزەی لە ئێستادا هەیە کە بەرزترینە لەماوەی دەیان ساڵی رابردوودا.
زەهاوی پێشتر لە وەزارەتی
پەروەردە کاری کردووە و دواتریش و دوای کارکردن لە هەر دوو وەزارەتی بازرگانی و
پەروەردە و وەرگرتنی چەند رۆڵێکی جیاواز، لە ساڵی ٢٠٢٠ دا وەک وەزیری دەوڵەت بۆ
چاودێری کردنی ڤاکسینی کۆرۆنا دانراوە و جۆنسنیش داوای لێکردووە یاساکانی تایبەت
بە کابینەکەی زەهاوی دایبڕێژێت.
نەدیم زەهاوی، لەدایکبووی
ساڵی ١٩٦٧ی شاری بەغدایە لە عێراق و بەڕەچەڵەک کوردە و لە خێزانێکی کورد
لەدایکبووە و لە ساڵی ٢٠١٠وە ئەندامی پەرلەمانی بەڕیتانیایە و لە ساڵی ١٩٧٦ و لە
تەمەنی نۆ ساڵی دا بووە کاتێک خێزانەکەی لە سەردەمی سەدام حسێندا عێراقیان بەرەو
بەڕیتانیا جێهێشتووە.
لە ئێستاشدا بەیەکێک لە سیاسییە دیارەکانی بەریتانیا دادەنرێت، پێشتریش لەناو
حکومەتی بەریتانیا چەند پۆست و بەرپرسیارێتیەکی وەرگرتووە لەناو حکومەتی بەریتانیا
لەوانە، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری خێزان و وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری وەرگرتنی ڤاکسین
و وەزیری پەروەردەی بەریتانیا.
دوێنێ سێشەممە، ساجید جاوید
وەزیری تەندروستی بەریتانیا لە راگەیاندراوێکدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند و
وتی، "چیتر ناتوانم بە ویژدانەوە بەردەوام بم لە کارکردن."
ئاماژەی بەوەشداوە، بۆی
روونبووەوەتەوە دۆخی ئێستای وڵاتەکەی لەژێر سەرکردایەتیی بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی
بەریتانیدا ناگۆڕێت و بۆریس متمانەی ئەوی لەدەستداوە.
ئەوەشی خستوەتەروو، بەریتانیا
پێویستیی بە پارتێکی نەریتخوازی بەهێز و خاوەن بنەمایە.
هاوکات، ریشی سوناک وەزیری
دارایی بەریتانیاش دەست لەكاركێشانەوەی خۆی راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا، خەڵک لە
چاوەڕوانی ئەوەدان حکومەت بەباشی، و بەتەواوی کاروباری وڵات بەڕیوە ببات بەڵام باوەڕی
وایە ئەو بنەمایە دەبیت هەوڵی بۆ بدریت.
ل.ل