سەردێڕ:

سندوقی نیشتەجێبوونی عێراق دوو ترلیۆن دینار وەک پێشینەی خانوبەرە دەداتە هاوڵاتیان

PM:07:16:05/07/2022

5704 جار خوێندراوەتەوە

سندوقی نیشتەجێبوونی عێراق رایگەیاند، لە پلاندانیاندایە تا کۆتایی ئەمساڵ بڕی دوو ترلیۆن دینار تەرخان بکەن وەک پێشینەی خانوبەرە بۆ هاوڵاتیان و موچەخۆران.


حسین عەبدوعەلی عەتێبی جێگری بەڕێوبەری گشتی سندوقی نیشتەجێبوونی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاندووە، پارەکە وەک قەرزی دروستکردنی یەکەی خانووبەرە دەدریتە هاوڵاتیان.

سندوقی نیشتەجێبوونی عێراق سەربە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونە لە زاری جێگری بەڕێوەبەری سندوقەکەوە رایگەیاند، بڕی پارە تەرخانکراوەکە بۆ پێشینەی خانوبەرەیە بۆ هاوڵاتیان و تا کۆتایی ساڵ بەردەوامی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا تا ئێستا ٧٣٧ ملیار دیناریان وەک پێشینە داوە بە هاوڵاتیان بۆ بەڕێوەبردنی ٣٣ هەزار مامەڵەی خانووبەرە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بڕە پارەیە تەرخانکراوی بانکی ناوەندیی و خۆیشی دەبینێتەوە لە پێنج ترلیۆن دینار و سەرجەم پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمى دەگرێتەوە بەپێی ریژەی دانیشتوان و رێژەی هەژاریی، کە هەموو کەسێکى ئارەزوومەند دەگرێتەوە فەرمانبەر بن یاخود هاوڵاتى.

ئەوە لەکاتێکدایە، لە هەرێمى کوردستان لە ساڵى ٢٠١٤ەوە سەرجەم پێشینەکان بە بیانووى قەیرانى داراییەوە راگیراون.













گەلەری