ویلایەتی ئۆریگۆن لە ئەمریکا بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی رووی لە ویلایەتەکە کردووە باری نائاسایی راگەیاند. هاوکات، دوورگەی سەقڵییە لە وڵاتی ئیتاڵیا بەرزترین پلەکانی گەرمای لە ئەوروپا تۆمار کرد.
کیت براون حاکمی ویلایەتی ئۆریگۆن لەراگەیانراوێکدا ئاشکرایکرد، ویلایەتەکەیان رووبەڕووی شەپۆلێکی توندی گەرما بووەتەوە، هەر بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار هەموو رێگایەک بگرێتەبەر لە پێناو پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی دانیشتووان.
لە راگەیەنراوەکەشدا، داوا لە دانیشتووانی ویلایەتی ئۆریگۆن دەکات، ئەو هەنگاوانە
بگرنەبەر کە پێویستن بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان و خێزانەکانیان، وەک خواردنەوەی بڕێکی
زۆر ئاو و شلەمەنی و مانەوە لە شوێنی فێنکدا.
باری نائاساییەکە لە رۆژی سێشەممەوە دەستی پێکردووە و تا رۆژی هەینی داهاتوو
رێکەوتی ٢٠ی ئاب بەردەوامدەبێت. بەگوێرەی کەشناسی نیشتیمانی پلەکانی گەرما ٤٠ پلەی
سیلیزی تێدەپەڕێنێت.
لەلایەکی دیکەوە، وێستگەی چاودێری کەشناسی لە شاری سیراکۆز لە دوورگەی سەقڵیە
لە ئیتاڵیا رایگەیاند، ئەو دوورگەیە بە تۆمارکردنی ٤٨.٨ پلەی سیلیزی، بە گەمترین ناوچەی
ئەوروپا دادەنرێت.
بەگوێرەی وێستگەکە، لە دوای ساڵی ١٩٧٧ ئەمە یەکەمجارە ئەوروپا پلەی بەرزی گەرما
بەو شێوەیە تۆمار بکات و تێشی پەڕێنێت، چونکە لە رابردوودا ٤٨ پلە تۆمارکراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، تەنها ئەوروپا و ئەمریکا نین پلەکانی گەرما بەرزبووبێتنەوە
و رووبەڕووی شەپۆلێکی گەرمی توند بووبێتنەوە. هەریەک لە کەنەدا و ئەمریکا و تورکیا
و یۆنان و تونس و جەزائیر و قوبروس و ناوچەی سیبریا لە روسیا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی
گەرما ئاگر لە دارستانەکانیان کەوتووەتەوە.
هەفتەی رابردوو، ١٩٥ دەوڵەت لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەک لە رێگەی
ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە رێککەوتنێکیان واژۆکرد لەبارەی سفرکردنەوەی بەرهەمهێنان و فڕێدانی
گازی گەرم بۆ ناو بەرگە هەوا لە ساڵی ٢٠٥٠ ئەمەش بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئەو ئامانجەی
لە رێککەوتنی پاریسی ٢٠١٥ واژۆکرا بۆ کەمکردنەوە و سنوردارکردنی بەرزبوونەوەی پلەکانی
گەرما و بەرگرتن بە گۆڕانکاری کەش و هەوا.