دەستەی نێودەوڵەتی تایبەت بە گۆڕانکاری کەشوهەوای سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان راپۆرتێکی لەسەر کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا لەسەر چەند ناوچەیەکی گۆی زەوى بڵاوکردەوە و تیایدا جەختی لەوەکردەوە، "هەندێک لەوڵاتان مەترسیی لەناوچوونییان لەسەرە".
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هەندێک لە دەوڵەتانی جیهان مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە بە چەند هۆکارێکی جیاواز، بەڵام گۆڕانکاری کەشوهەوا لە کۆی دەوڵەتەکاندا بەهۆکاری سەرەکی مەترسییەکە دادەنرێت، لە نێوانیشیاندا گۆڕانکارییەکان لە کەشوهەوای جیهانی، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان، لافاو و وشکەساڵی.
لافاو
بەگوێرەی یەکێک لە توێژینەوەکان، تا ساڵی ٢٠٥٠ ماڵدیڤ وای لێدێت کە بۆ ژیان
گونجاو نەبێت، لەحاڵەتێکدا نەبێت ئەگەر گۆڕانکاری گەورە لەئاستی رووی دەریادا درووست
نەبێت.
ماڵدیڤ دەکەوێتە کۆمەڵە دورگەیەکەوە کە زۆرترین مەترسیی لەناوچوونی لەسەرە لە
جیهاندا، چونکە زۆربەی دورگەکانی تەنها ٣٠ سانتیمەتر لەئاستی رووی دەریاوە بەرزن.
گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا
پەیمانگای (جێرمان ووتش) لەیەکێک لە توێژینەوەکانیدا بۆی دەرکەوتووە، کە یابان
لەئێستادا زۆرترین مەترسی لەناوچوونی لەسەرە بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کەشوهەواوە
کە دووچاری وڵاتەکە دەبێتەوە.
تەنها لەساڵی ٢٠١٨شدا، بەهۆی لافاو و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زریانەوە،
نزیکەی هەزار و ٢٨٢ کەس گیانیان لەدەستدا.
وشکەساڵی
بەهۆی وشکەساڵییەوە، زۆرێک لەوڵاتانی ئەفریقا دوچاری گرفتی نەبوونی پێداویستی
خۆراکی بوونەوە و بانکی ناوەندیی سودانیش بە گەورەترین زیانمەندی ئەو دۆخە لەقەڵەمدرا.
پێنج ساڵ پێش ئێستا، وشکەساڵی کاریگەری زۆری کردەسەر دۆخی سودان و بەهۆی کەمبوونەوەی
بڕی پێویستیی بەرهەمی ناوخۆییەوە، سودان بە خراپترین دۆخی خۆیدا بەهۆی وشکەساڵییەوە
گوزەری کرد.
وشکەساڵی لە سودان ماوەیەکی دوورودرێژی خایاند و تەنانەت لەسەدەی بیستدا زۆرترین
ماوەی وشکەساڵی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش بوو بەهۆی دابەزینی بەروبوومی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری
بەروبوومەکانی دیکە کە وشکەساڵی کاریگەری زۆری لەسەر هەیە.
عێراق و هەرێمی کوردستان
لەمساڵدا، بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی و کەمی رێژەی باران بارین و گرتنەوەی
ئاو لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە، عێراق و هەرێمی کوردستان دووچاری وشکەساڵی بوونەوە
و ئەمەش کاریگەری کردەسەر ئاستی بەروبوومی کشتوکاڵی و بەخێوکردنی ئاژەڵ.
لەماوەی رابردووشدا، ئیدارەی گەرمیانی سەر بە پارێزگای سلێمانی وشکەساڵی راگەیاند
و بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخەش، جێگری سەرۆکی
حکومەت بۆردێکی تایبەتی پێکهێنا و بڕیاری گرتنەبەری چەند رێکارێکی تایبەتی دەرکرد.
سەرەڕاى ئەمانەش، ماوەی نزیکەی چەند هەفتەیەکە، ئاگر لەدارستانەکانی هەریەکە
لە ئەمریکا، روسیا، سیبریا، تورکیا، یۆنان، ئیتاڵیا، جەزائیر و قوبرس کەوتەوە و بەوهۆیەشەوە،
دەیان هەزار هێکتار زەوی لە دارستان و سەوزایی سوتان و هێشتاش لەبەشێکی زۆر لەو وڵاتانە
ئاگرەکان کۆنتڕۆڵ نەکراون.
شارەزایانیش، کەوتنەوەی ئەو ئاگرانە بە هۆکاری زیانێکی گەورە بە ژینگە و کەشوهەوا
و سروشتی گۆی زەوی لەقەڵەمدەدەن و مەترسیی هاتنە کایەی کارەساتی دیکەی سروشتی ئاشکرا
دەکەن.
نەورەس غەریب