سەردێڕ:

دارایی پەرلەمان نرخێکی نوێ بۆ نەوت پێشنیاز دەکات

AM:10:19:12/08/2021

6912 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق پێشنیاز دەکات بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، لە پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٢ نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ٥٥ دۆلار بخەمڵێنرێت.


جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی فەرمی راگەیاند، دانانی نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ٥٠ دۆلار لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ نرخێکی گونجاوە.

دەشڵێت، ئەگەر نرخی هەر بەرمیلێکیش بە ٥٥ دۆلار دابنرێت باشترە، چونکە ناتوانرێت پێشبینی نرخی نەوت بکرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی نرخەکەی بەرزبووەوە و پاشان بەشێوەیەکی بەرچاو جارێکی دیکە دابەزییەوە.

ئەندامەکەی لیژنەیی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی بەردەست بوونی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا، دەکرێت پێشبینی ئەوە بکەین کە نرخی نەوت زیاتر بەرزدەبێتەوە، چونکە بەردەستبوونی ڤاکسین واتە هەنگاونان بەرەو کۆنتڕۆڵکردنی پەتاکە.

جەمال کۆچەر باسی لەوەشکرد، نرخی نەوت لە ئێستادا زۆر زیاترە لەو نرخەی لە یاسای بودجەی ٢٠٢١دا دانراوە، ئەو نرخەش بۆیە وادانرا چونکە ترسی ئەوە هەبوو کە نرخی نەوت دەکرێت بەگوێرەی بازاڕە جیهانییەکان دابەزێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ٤٥ دۆلار جێگیرکرد لەکاتێکدا بەردەوام نرخەکەی بەرزبووەتەوە و رۆژی ٢٥ی مانگی رابردوو بۆ یەکەمجار لە ماوەی سێ ساڵدا نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ زیاتر لە ٧٦ دۆلار بەرزبووەوە.













گەلەری