کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراق رایگەیاند، هەوڵەکانی دەستپێکردووە بۆ هەڵگرتنی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا لەسەر فڕۆکەکانی، دەشڵێت، "بەم نزیکانە پێنج فڕۆکەی نوێ بۆ هێڵی ئاسمانی عێراق زیاد دەکات."
حسێن جەلیل وتەبێژی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لیژنەی پسپۆڕی ماوەی سێ مانگە گفتوگۆکانیان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا دەستپێکردووە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سەرجەم رێکارەکانی سەلامەتی ئەوروپی کە یەکێتییەکە دایناوە.
لە چەند رۆژی
رابردوودا وەزیری گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، راپۆرتەکان ئەرێنین لەبارەی هەڵگرتنی
سزاکانی یەکێتی ئەوروپا لەسەر هێڵی ئاسمانی عێراق.
حسێن جەلیل باسی
لەوەشکرد، هێڵی ئاسمانی عێراق سەرقاڵی جێبەجێکردنی پێوەرەکانی یەکێتی ئەوروپایە بە ئامانجی هەڵگرتنی
سزاکانی یەکێتییەکە.
راشیگەیاندووە،
هێڵی ئاسمانی عێراق ٣٠ فڕۆکەی نوێ بۆ هێڵی گواستنەوەی نیشتیمانی زیاد دەکات، کە
توانایان جیاوازە و جۆرەکانیان تەواو نوێن.
وتەبێژی هێڵی
ئاسمانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، لە مانگەکانی تشرینی دووەم و کانونی یەکەمی ئەمساڵ
دوو فڕۆکە لە کۆی پێنج فڕۆکەی نوێ دەخاتەگەڕ لە هێڵی ئاسمانی وڵاتدا.
ئەمەش لەکاتێکدایە،
لە ساڵی ٢٠١٥ەوە یەکێتی ئەوروپا بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی بەگوێرەی پێوەرەکانی
یەکێتی ئەوروپا لە فڕۆکەی سەوزی عێراقیدا، یەکێتییەکە سزای بەسەر هێڵێ ئاسمانی عێراقدا
سەپاند و قەدەغەی کرد ئەو جۆرە فڕۆکانە بەکاربهێنرێن لە گەشتەکانی عێراق بۆ وڵاتانی
یەکێتی ئەوروپا.