وەزارەتی بەرگری تایوان رایگەیاند، ٣٠ فڕۆکەی جەنگی چین دووبارە ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزاندووە و فڕۆکە جەنگییەکانی تایوانیش رەوانە کراون تاکو دووریان بخەنەوە.
ئاماژەشیان بەوە داوە، چالاکییە سەربازییەکانی چین بۆ دوو مەبەست ئەنجام دەدرێن، یەکەم بێزارکردنی هێزی ئاسمانی تایوان، بەهۆی ئەوەی هەرجارێک فڕۆکەکانی چین بەسەر ئاسمانی تایواندا بفڕن، هێزە ئاسمانییەکانی تایوان دەبێت بکەونە ئامادەباشییەوە و ئاگاداریان بکەنەوە، دووەمینیش دەیانەوێت توانای وەڵامدانەوەی تایوان تاقیبکەنەوە.
وەزارەتی بەرگری تایوان وتی
دوایین چالاکییەکەی چین ٢٢ فڕۆکەی جەنگی لە خۆگرتووە و لەناویاندا فڕۆکەی ئەلیکترۆنی
و فڕۆکەی دژە ژێرئاوگەڕیش بەشدارییان تێدا کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تایوان
فڕۆکەی جەنگی رەوانە کردووە تاوەکو فڕۆکە چینییەکان دووربخەنەوە، سیستمی بەرگری
موشەکیش جێگیرکراون بۆ چاودێریکردنیان.
ئەمە لەکاتێکدایە، چین بەشێک
لە خاکی تایوان بە هی خۆی دەزانێت و لە ماوەی دوو ساڵی رابردووشدا تایوان چەندەها
جار نیگەرانی خۆی دەربڕیووە لەبارەی چالاکییەکانی هێزی ئاسمانی چین لە وڵاتەکەیان
و لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا ٣٩ فڕۆکەی جەنگی چینی ناوچەکانی بەرگری تایوانیان بەزاندووە.
هاوکات، هەفتەی رابردوو،
سوپای چین مەشقێکی سەربازیی لە نزیک تایوان ئەنجامدا و ئامانج لێی هۆشداری دان بوو
بە تایوان لە بەرامبەر هاوکاریی و هەماهەنگییەکانی تایوان لەگەڵ ئەمریکادا.