سەردێڕ:

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی شاسوار عەبدولواحیدی کرد

PM:07:06:31/05/2022

9296 جار خوێندراوەتەوە

سێشەممە نێردەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق سەردانی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێی کرد و لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکان کۆبوونەوە.


بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، یەکێک لەو پرسە سەرەکییانەی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەگەڵ سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تاوتوێی کرد بابەتی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بوو.

لەدوای سەردان و کۆبونەوەکەی جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا جەختلەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە هەرێم لە وادەی خۆیدا کراوەتەوە.

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، کە بە پلاسخارتیان راگەیاندووە تاکە چارەسەر بۆ دۆخی هەريم بریتییە لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی هەرێم و ئەنجامدانی چاکسازی راستەقینە لەهەرێم و بەهێزکردنی دامەزراوەکان و بنەبرکردنی گەندەڵی.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە، جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەگەڵ شەش لایەنی سیاسی سەرەکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەکان و دۆخی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لای خۆشییەوە، هیمداد شاهین وتەبێژی نەوەی نوێ رایگەیاند، ئەوان وەک نەوەی نوێ بە شەفافی باسیان لەوە کرد کە ئەم دۆخەی لە ئێستادا دەگوزەرێت لە هەرێمی کوردستان چی تر قابیلی قبوڵ نییە و پێوستە بەزوترین کات کۆتایی پێبهێندرێت.

وتەبێژەکەی نەوەی نوێ وتیشی، لەبارەی هەڵبژاردنەوە باسیان لەوەکردووە، کە پێویستە لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردنەکان بکرێت و یاسای هەڵبژاردن کە یاسایەکی خراپە هەموار بکرێتەوە و وتیشی، "ئەوەی بۆ خەڵک گرنگ بووە ئێمە بەڕاشکاوانە وتوومانە."

رۆژی پێنج شەممەی رابردوو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان لەراگەیەنراوێکدا کاری نێردەی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکانی بۆ ماوەی ساڵێک درێژکردەوەو وەک لەئەرکەکانیشدا دیاریکراوە یەکێک لەئەرکەکانی یۆنامی هاریکاری کۆمسیۆن دەبێت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لەوادەی خۆیاندا.














گەلەری