ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردەوە، ئاگرێکی گەورە لەنێو زانکۆی تەکنۆلۆژیا لەبەغدا کەوتەوە و تا ئێستاش زیانە گیانیی و مادییەکان ئاشكرا نەکراوە.
بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی بەغدا راگەیەندراوێکی لەبارەی ئاگرەکەوە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئاگرێکی گەورە لەنێو بینای زانکۆی تەکنۆلۆژیا لە بەغدا کەوتەوە و لە ئێستاشدا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.
بەگوێرەی
راگەیەندراوەکەی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی بەغدا، بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی
ئاگرەکە ١٠ یەکەی تایبەت بە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە بە سەرپەرشتی بەڕێوبەری
بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی بەغدا رەوانەی شوێنی ئاگرەکە کراون.
هەر لەبارەی ئاگرەکەشەوە، زانکۆکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "نیو کاتژمێر پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکان، ئاگرێکی بچوک لە یەکێک
لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکانی تەلارسازیدا کەوتەوە و لە ئێستاشدا ئاگرەکە
کۆنتڕۆڵکراوە و جگە لە زیانێکی کەمی ماددی، هیچ زیانێکی گیانی لێ
نەکەوتووەتەوە".
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی بەڕێوبەرایەتی
ئاگرکوژێنەوەی بەغدا، ئاگرەکە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان
نەکردووە و تاقیکردنەوەکان بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت.
لەماوەی رابردووشدا،
لە چەند رووداوێکی هاوشێوەدا ئاگر لە نێو بینای وەزارەتی تەندروستی عێراق،
نەخۆشخانەیەک لە شاری بەغدا و نەخۆشخانەیەکیش لە پارێزگای زیقار کەوتەوە و
بەوهۆیەشەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش برینداربوون.