سەردێڕ:

وەزیرێکی ئیسرائیلی: خەون بەوەوە دەبینم لە مەککە حەج بکەم

PM:11:20:09/08/2021

10052 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری هاریکاری هەرێمیی لە ئیسرائیل رایگەیاند، پەیوەندیان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو هەیە بە سعودییەشەوە. دەشڵێت، "خەون بەوەوە دەبینم رۆژێک سەردانی مەککە بکەم و راستەوخۆ فەریزەی حەج ئەنجام بدەم".


عیساوی فریج وەزیری هاریکاری هەرێمیی لە ئیسرائیل لە چاوپیکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی حورە رایگەیاند، حکومەتی ئیسرائیل پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو هەیە بە سعودییەشەوە. ئەوەشی خستەڕوو، خەون بەو رۆژەوە دەبینێت سەردانی شاری مەککە بکات و بێ هیچ سەرئێشەیەک و گرفتێک راستەوخۆ فەریزەی حەج ئەنجامبدات.

دەشڵێت، ."بەم نزیکانە ئەم جۆرە هەلەش دەبینین."

لەبارەی دۆسیەی ئێرانەوە وەزیری هاریکاری هەرێمیی لە ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و سعودییە هەماهەمنگییان هەیە بەرامبەر هەڕشەکانی ئێران.

باسی لەوەشکرد، بابەتەکە تایبەت نییە بە سعودییە و ئیسرائلەوە، بەڵکو جیهانییە و دەبێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چارەسەربکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، لەمانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٠ لە چوارچێوەی واژۆکردنی رێککەوتنی ئیبراهیم، هەریەک لە ئیسرائیل و ئیمارات بەسەر پەرشتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا پەیوەندییە دبلۆماسی و ئابوری و بازرگانی و کلتورییەکانیان ئاسایی کردەوە.

دواتر هەریەک لە بەحرەین و سودان و مەغریب و سەڵتەنەتی عومان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە ئاسایی کردەوە. ئەگەرچی دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە سعودییەش ئامادەیە پەیوندییەکانی ئاسای بکاتەوە و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکی پێشووی ئیسرائیل بەنهێنی سەردانی سعودییەی کردووە و لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیانەوە لەگەڵ محەمەد سەلمان شازادەی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە، بەڵام میدیاکانی سعودییە سەرلەبەری هەواڵەکانیان رەتکردەوە.

وزير التعاون الإقليمي الإسرائيلي عيساوي فريج













گەلەری