سەردێڕ:

ئەمریکا سزای بەرسەر چەند گروپێکی چەکداری عێراقدا سەپاند

PM:10:30:09/08/2021

7436 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریکا رایگەیاند، سزای بەسەر عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق و حزبوڵای لوبنان و دوو کۆمپانیای بازرگانی سوریدا سەپاند.


ئەمڕۆ دووشەممە، ئیدارەی ئەمریکا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایداهاتووە، سزای بەسەر گروپی چەکداری عەسائیبی ئەهلی حەقی عێراقی کە بەشێکە لە پێکهاتەی سوپای سەربە حکومەتی عێراق و فراکسیۆنی سادیقونیش لە پەرلەمانی عێراق باڵی سیاسی ئەو گروپەن، سەپاند.

لەلایەکی دیکەوە، سزای بەسەر هەریەک لە گروپی چەکداری حزبوڵای عێراقی نزیک لە ئێران و حزبوڵای لوبنانی سەپاند.

هەروەها، دوو کۆمپانیای بازرگانی سوریشی خستە ناو لیستی رەشەوە و سزای بەسەردا سەپاندن.

ئیدارەی ئەمریکا تۆماری فیدڕاڵی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە رێکەوتی ٢٩ی تەمموزەوە بڕیای سەپاندنی سزاکان دراوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، لە رێکەوتی ٢٩ی تەمموزی ٢٠٢١ ئەمریکا رێوشوێنەکانی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی جێبەجێکردووە و ئاماژەی بەوەشداوە، یاساکە و کۆت و رێکارەکانی بەسەر هەر یەکەکەیەکدا جێبەجێدەکرێت کە سەر بە یەکێک لەو قەوارانەبن کە سزادراون.

راگەیەنراوەکە، ئەوەشی خستووەتەڕوو، سزاکان بۆ ماوەی دوو ساڵ بەرکاردەبن و دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەتوانێت سزاکان کەمبکاتەوە یان کۆتاییان پیبهێنێت. هاوکات، راگەیەنراوەکە هیچ ئاماژەی بەجۆر و سروشتی سزاکان نەداوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لەماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە ٥٠ هێرشی جۆراوجۆر هەر لە هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و بە بۆمبی چێنراو هێرش کراوەتە سەر کاروانی هێزەکانی و بەردەوام گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی تۆمەتبار کردووە.













گەلەری