ئاژانسی هەواڵی فەرمی سعودیە بڵاویکردەوە، کە لەمڕۆوە دەست دەکرێت بە وەرگرتنی داواکاری بۆ ئەنجامدانی گەشتی عەمرە و مانگانە پێشوازیی لە دوو ملیۆن و رۆژانەش لە ٦٠ هەزار عەمرەکار دەکرێت.
لەوبارەیەشەوە، عەبدولفەتاح بن سولەیمان جێگری وەزیری حەج و عومرەی سعودیە رایگەیاند، مزگەوتی حەرام ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن لە عەمرەکارانی دەرەوەی وڵات و بۆ ئەمساڵیش؛ پێشکەشکردنی داواکارییەکان بۆ ئەنجامدانی گەشتی عەمرە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی Eatmarnaەوە دەبێت.
جێگری وەزیری حەج
و عەمرەی سعودیە ئاماژەی بەوەکردووە، بە پابەندبوون بە رێکارییەکانی دژبە ڤایرۆسی
کۆرۆنای نوێ رۆژانە، ٦٠ هەزار و مانگانەش نزیکەی دوو ملیۆن عەمرەکار وەردەگرن.
عەبدولفەتاح بن
سولەیمان باسی لەوەشکردووە، وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودیە لەگەڵ لایەنی بەرپرسدا لە
هەماهەنگییدایە سەبارەت بەوەی لە چ وڵاتێکەوە عەمرەکاران وەرگیرێن و ژمارەیان چەند
بێت.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی
حەج و عەمرەی سعودیە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا پێشمەرجن بۆ
ئەوانەی دەیانەوێت عەمرە بکەن و لە مزگەوتی پیرۆز و مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) نوێژ
بکەن، لەبەرئەوە پێویستە ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە سەردانی سعودیە دەکەن بۆ ئەنجامدانی
عەمرە بەڵگەنامەی وەرگرتنی ڤاکسینیان پێ بێت.
پێشتر و دوای تەواوبوونی
وەرزی حەج، سعودیە رایگەیاند کە لە ٢٥ی تەمووزەوە لە ناوخۆی وڵاتدا، وەرزی عەمرەی
دەستیپێکردووە و رۆژانە پێشوازیی دەکەن لە ٢٠ هەزار کەس دەکەن.