سەردێڕ:

دوای کەمال ئەتروشی کێ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەڕێوەدەبات؟

AM:10:05:26/05/2022

5084 جار خوێندراوەتەوە

دوای پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەی کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەکان بڕیارە کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا لەسەر پشکی پارتی بە وەکالەت وەزارەتەکە بەڕێوە ببات.


ئەمڕۆ پێجشەممە نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپیەکی بۆ ئێن ئاڕ تی نێردراوە پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەی کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتیەکانی راگەیاند.

ئاماژەی بەوەشداوە، دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری سامانە سروشتیەکان بە هۆی خراپی باری تەندروستی ئەو وەزیرەوە بووە و لەمەودوا وەک راوێژکاری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری وزە کاردەکات.

بە پێی میدیاکان کەمال ئەتروشی لە ماوەی ساڵێک و پێنج مانگی کارکردنیدا وەک وەزیری سامانە سروشتییەکان چەند جارێک هەرێمی کوردستانی بەجێهێشتووە و رووی لە دەرەوەی وڵات کردووە و هەندێک لە چاودێران لە رۆشتنە بەردەوامەکانی بۆ ناڕەزایەتیەکانی لە شێوازی بەڕێوەبردنی وەزارەتەکەی دەگەڕێننەوە.

لە ماوەی رابردوودا چەندجارێک وەزیری سامانە سروشتییەکان بەڵێنی هەرزانکردنی نرخی بەنزینی بۆ ٦٠٠ دینار دا بەڵام نەیتوانی بەڵێنەکەی بباتە سەر.

هاوکات بەڵێنی دابەشکردنی نەوتی بەسەر سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێمدا دا بەڵام ئەو بەڵێنەشی جێبەجێ نەکرد.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەسەرەتای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەی حکومەتی هەرێمەوە لە ١٠ی تەموزی ٢٠١٩ تاکو ٦ی کانونی دووەمی ٢٠٢١ بە وەکالەت بە رێوەبراوە و دیسان دوبارە ئەو وەزارەتە کە بە گرنگترین سەرچاوەی داهاتی هەرێم دادەنرێت بە وەکالەت بەڕێوە دەبرێت.

کەمال محەمەد ساڵح خەلیل لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٧ە و دانیشتووی شاری دهۆکە و لەسەر پشکی پارتی وەک وەزیری کارەبای هەرێم هەڵبژێردراوە.













گەلەری