سەردێڕ:

توركیا بەهۆی ئاگری دارستانەكانەوە چەندە زیانی بەرکەوتووە

PM:01:48:09/08/2021

13912 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێكی ئۆپۆزسیۆنی توركیا قەبارەی ئەو زیانەی ئاشكرا كرد كە لە ئەنجامی ئاگری دارستانەكانەوە لە وڵاتەکەى کەوتووە.


ئەمڕۆ دووشەممە چەتین عوسمان بوداق پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆنی توركیا و نوێنەری ویلایەتی ئەنتاڵیا لە پارتی گەلی كۆماری بە رۆژنامەی جمهورییەتی توركی وت "ئەو ئاگرەی كە لە رۆژی ٢٨ی تەموزەوە دارستانەكانی وڵاتەكەی گرتۆتەوە زیانی زیاتر لە ٣٠٠ ملیار لیرەی گەیاندووە."

رونیشیكردەوە، ئەو بڕە پارەیە ئەو زیانانەش دەگرێتەوە كە ئاگرەكە لە كەرتی گەشتوگوزاری دەدات بەهۆی هەڵكشانی ئاگرەكە بۆ بەشێك لە شارە گەشتیارییەكان.

بەگوێرەی وتەی ئەو پەرلەمانتارە، لەماوەی ١٠ رۆژى رابردوودا دە هێندەى قەبارەى ئەو دارستانانە سوتاوون کە لە درێژایى ساڵانى رابردوودا دیاردەى سوتانیان تیادا روویداوە.

جەختیشى لەسەر لەدەستدانى هەزارەها دۆنم زەوى دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکان کردەوە و رونیکردەوە ، بەهاى ئابورى ئەو درەختانەى کە بەهۆى ئاگرەکەوە سوتاوون بەتەنها نزیکەى ٢٠٠ ملیار لیرەى تورکى دەبێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەى بەوە کرد کە ژمارەى گەشتیارانیش بۆ ئەو ناوچانە روو لە کەمى دەکات و داهاتى گەشتیارى ئەو وڵاتە ١٠٠ ملیار لیرە زیان دەکات.

هاوکات فەخرەدین ئالتون سەرۆکى فەرمانگەى راگەیاندن لە سەرۆکایەتى کۆمارى ئەو وڵاتە رایگەیاند، ئاگرى دارستانەکانى وڵاتەکەى هێشتا بەردەوامە و ژمارەى ئاگرەکان هەتا ئێستا گەیشتووەتە ٢٣٩ ئاگر و ئاگرەکە ٤٧ ویلایەتى گرتۆتەوە و ٢٣٤ ئاگرى کوژێنراوەتەوە و تا ئێستا کۆنترۆڵى پێنج ئاگر نەکراوە.

ماوەى ١٢ رۆژە ئاگر لە بەشێک لە دارستانەکانى وڵاتى تورکیا کەوتۆتەوە و بۆ کوژانەوەى ئاگرەکە نزیکەى ٦٠٠٠ کارمەند و ١٦ فڕۆکە و ٩ درۆن و ٦٥ هێلیکۆپتەر و ٨٥٠ ئۆتۆمبێلى ئاگر کوژێنەوە بەشدارییان تێدا کردووە.













گەلەری