سەردێڕ:

هاشتاگێک ئەردۆغان توڕە دەکات

AM:10:35:09/08/2021

33096 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ فراوانبوونی روبەری ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیادا، هاشتاگی "# یارمەتی تورکیا بدەن" مشتومڕێکی زۆری لەو وڵاتەدا دروستکردووە.


لە تورکیادا رووداوەکان دەبێتە مایەی وروژاندنی پشتیوانان و دژبەرانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و ئۆفیسی دادپارێزی گشتی تورکیاش دەڵێت، لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو هاشتاگە دەستپێکردووە.

سەرۆکی تورکیاش رایگەیاندووە، ئەو هاشتاگە "تۆقاندنە لە رێی درۆکانی ئەمریکا و ئەوروپا و شوێنی تری دیاریکراوەوە بڵاودەکرێنەوە."

ئەردۆغان داواکردنی یارمەتی بۆ وڵاتەکەی بە گرفت دەزانێت و دەڵێت، "بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هاشتاگە تەنها یەک شت هەیە و ئەوەیش ئەوەیە کە تورکیا بەهێزە."

ئۆفیسی دادپارێزی گشتی تورکیا رایگەیاندووە، دەستکراوە بە لێکۆڵینەوە تا بزانرێت ئایا مەبەست لەو هاشتاگە نانەوەی ترس و نیگەرانییە لەناو خەڵکی تورکیادا و سوکایەتی کردنە بە حکومەتی تورکیا یان نا.

ئەنجومەنی رێکخەری کاروباری میدیای تورکیا، هەڕەشەی سزادانی دارایی کەناڵەکانی تەلەفزیۆن دەکات ئەگەر دیمەنی راستەوخۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیادا پەخش بکەن و ئەگەر وتارێکیش بڵاوبکەنەوە ببێتە مایەی ترس و نیگەرانی دانیشتوان.

زۆربەی کەناڵەکانی تورکیا بەپێی ئەو رێنماییە کاردەکەن و ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ کەمبوونەوەی روماڵی ئاگرکەوتنەوەکان لە تورکیادا.

حکومەتی تورکیا روبەڕوی رەخنە بووەتەوە پاش ئەوەی دەرکەوت کە وڵاتەکە توانایەکی تەواوەتی نییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و بەردەوامیش کۆمەک و یارمەتییە بیانییەکان رەتدەکاتەوە.

وڵاتی یۆنان، کە بە رکابەرە ناوچەییەکەی تورکیا دادەنرێت، پێشنیازی یارمەتیدانی حکومەتی تورکیای کردبوو بەڵام ئەنکەرە ئەو پێشنیازەشی رەتکردەوە.

ئەم هاشتاگە لەکاتێکدایە، کە لە تورکیا چاودێرییەکی زۆر بەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە و دەزگاکانی راگەیاندنی لایەنگری حکومەت باڵیان کێشاوە بەسەر میدیای وڵاتەکەدا.













گەلەری