سەردێڕ:

بۆ چاودێریكردنی نێودەوڵەتی هەڵبژاردنەكەی عێراق رێككەوتنێكی لێكتێگەیشتن واژۆ كرا

AM:10:20:09/08/2021

2144 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند "بۆ چاودێریكردنی نێودەوڵەتی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق كۆمسیۆن ڕێککەوتنێكی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ نێردەی یەکێتی ئەوروپا واژۆ کرد".


ئەمڕۆ دووشەممە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە كرد، جەلیل عەدنان سەرۆکی کۆمسیاران ڕێککەوتنێکی لێەکتێگەیشتنی لەگەڵ مارتن هۆت نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ عێراق واژۆکردوە بەمەبەستی چاودێریکردنی پرۆسەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق کە بڕیارە لە ١٠ى تشرینی یەکەم ئەنجام بدرێت.

بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق زانیاری پەیوەست بە هەڵبژاردنەكە دەدات بە ئەندامانی نێردەی یەکێتی ئەوروپا.

هاوكات لە خاڵێکی دیکەی ڕێککەوتنەکەدا ئەوە رونكراوەتەوە كە ئەندامان وکارمەندانی نێردەی یەکێتی ئەوروپا کارئاسانیان بۆ دەکرێت لەپێناو گەیشتنیان بە ناوەندەکانی هەڵبژاردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان.

راگەیەندراوەكە لە كاتێكدایە كە دوێنی یەكشەممە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق پشتیوانی خۆی بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا دووپات کردەوە و پاڵپشتی کابینەکەی بۆ کۆمسیۆن خستەڕوو بۆ گەرەنتیکردنی ئاسایشی دەنگدان و پاک و بێگەردی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە.

بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و کۆمسیۆن بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە لە کاتی خۆیدا دەستی كردووە بە ئامادەكاریی.













گەلەری