سەردێڕ:

وەزارەتی بازرگانی هەرێم وادەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی ئاشکرا کرد

PM:09:12:20/05/2022

4128 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٥ی ٥ی ٢٠٢٢ یەکەم رۆژی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانە.


ئەمرۆ هەینی، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پاش گفتوگۆ و راگۆڕینەوە لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی حکومەتی فیدراڵ، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٥ی ٥ی ٢٠٢٢ وەک یەکەم رۆژی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان دیاریکرا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ئەمە مەبەستەش وەزارەتی بازرگانی هەرێم سەرجەم جوتیارانی هەرێم ئاگادار دەکاتەوە لەو رێکەوتەوە گەنمی بەرهەم هاتوویان رادەستی سایلۆکانی هەرێمی کوردستان بکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم رایگەیاند، وەزارەتی بازرگانی عێراق لە سەرجەم سایلۆکان دەستی بەئامادەکاری کردووە بۆ وەگرتنی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢٢ وتیشی عێراق سەرجەم گەنمی جوتیاران وەردەگرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ هەرتەنێک گەنمی پلە یەک بڕی ٧٥٠ هەزار دیناری عێراقی دیاریکراوە، هەروەها لەئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی گەنم لە جیھاندا نرخی وەرگرتنی گەنم لە ناوخۆ بە ڕێژەی ٢٠٪ زیاد دەكرێت.

وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیاریشیداوە، ئەم ساڵ لەماوەی ١٠ ڕۆژدا پارەی گەنی جوتیاران خەرجبکات.

هاوکات، رێبوار ئەوڕەحمان ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وەزارەتی بازرگانی حکومەتی فیدڕاڵی بڕیاریداوە بڕی ١٠٠ هەزار دینار بۆ کڕینی هەر تەنێک لە گەنمی جوتیاران زیاد بکات و بەمەش نرخی هەرتەنێک بۆ ئەمساڵ بە ٨٥٠ هەزار دینار لە جوتیاران وەردەگیرێت.













گەلەری