سەردێڕ:

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق: پێویستە دابەشبوونی ناوچەی زەرد و سەوز کۆتایی بێت

PM:10:48:17/05/2022

9108 جار خوێندراوەتەوە

جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق؛ لەناو ئەنجومەنی ئاسایشدا رایگەیاند، "دەبێت هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو لایەک بڕەخسێنێت."


جینین پلاسخارت باسی لەوەشکرد، پێویستە دابەشبوونی ناوچەی زەرد و سەوز کۆتایی بێت.

 ئەو نوێنەرەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هەرێمیشەوە باسی لەوەکرد، قەوارە و دۆخی هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە.

دەشڵێت، لە هەرێمی كوردستان جیاوازی و ناكۆكیەكان زیاتر بوون ئەوەش كاریگەری لەسەر هاوڵاتیان دروستكردووە و دابەشبوونی هێزە سیاسیەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان مەترسی دەرەكی لەسەر هەرێم زیاتر دەكات.

 

هیواشی خواست، کە هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە ۱ی ئۆکتۆبەری داهاتوودا بەڕێوەبچێت.

وتیشی، "دەبێت سەقامگیریی هەبێت بۆ ئەوەی خەڵکی شنگال بگەڕێنەوە، دەبێت هەولێر و بەغدا یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی خەڵکی شنگال بگەڕێنەوە زێدی خۆیان."

ئەوەش لە کاتێکدایە، بڕیارە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر کاراکردنەوەی کۆمسیۆن نەداوە.

هـ.ئـ


 













گەلەری