سەردێڕ:

هێزە چەکدارەکانی ئێران: بەهەمان شێوەی عەین ئەسەد هێرش دەکەینە سەر ئیسرائیل

AM:09:28:08/08/2021

5712 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، لێدوانەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران تەنیا وەک شەڕی دەرونی دەبینن، دەشڵێت، "ستراتیژی ئەمریکا و بەریتانیا و ئیسرائیل بنەمای ناسەقامگیرکردنی ئاسایشی ناوچەکەیە بۆ لۆمەکردنی ئێران."


ئەبو فەدل شاکرجی وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، "ئەگەر وڵاتەکەم بڕیار بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل بدات، ئەو کارە دەکەین وەک چۆن لە عەین ئەسەددا بە روونی ئەنجامماندا."

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو لێدوانانەی ئەم دواییەی ئیسرائیل لەسەر هێرشکردنە سەر ئێران تەنیا لە چوارچێوەی شەڕی دەرونیدا دەبینن و "ترسی دوژمن لە یەکگرتنی ئێراندایە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بەڵگەنامەی ساختە بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا زەحمەت نییە و ئەوان مێژوییەکی دوور و درێژیان لە ساختەکردنی بەڵگەنامەکان هەیە، تۆمەتبارکردنیان لەسەر تەقاندنەوەی کەشتیەک قورس نییە."

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران راشیگەیاندووە، "هێزەکانی ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پاشماوەی چەکی ئێرانیان لە دەریاکەدا دەرکردوە، بەڵام ئایا ئەوان لەچ تاقیگەیەک ئەمەیان پشتڕاستکردووەتەوە."

باسی لەوەشکردووە، "ستراتیژی ئەمریکا و بەریتانیا و ئیسرائیل بنەمای ناسەقامگیرکردنی ئاسایشی ناوچەکەیە بۆ لۆمەکردنی ئێران."

لە ماوەی رابردوودا، هێرشکرایەسەر کەشتی مێرسەر ستریت لە ناو دەریای عەرەبیدا لە نزیک عومان و هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی دەریاوانێکی بەریتانی و رۆمانی، هاوکات، ئیسرائیل و بەریتانیا و ئەمریکا پەنجەی تۆمەتیان ئاراستەی ئێران کردبوو بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە، بەڵام تاران تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە.













گەلەری