سەردێڕ:

هەر هاوڵاتییەكی عێراق چەند ساڵ دەژی؟

AM:09:15:08/08/2021

4320 جار خوێندراوەتەوە

بانکی نێودەوڵەتی ناوەندی تەمەنی عێراقیەکانی دیاری كرد و تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەموو عێراقیەك ٧١ ساڵ دەژی.


بەگوێرەی راپۆرتی بانكەكە، نێرینەکان ٦٩ ساڵ و مێینەکانیش ٧٣ ساڵ دەژین.

رونیشكراوەتەوە "٧٩%ی مێینەکان تاوەکو تەمەنی ٦٥ ساڵی لەژیاندا دەمێنن."

راپۆرتی بانكەكە ئاماژەی بەوە كرد، ڕێژەی مردن لە نێرینە پێگەیشتووەکان لە عێراقدا ١٨٤ نێرینەیە بۆ هەر هەزار نێرینەیەك، لە کاتێکدا ڕێژەی مردن لە مێینە پێگەیشتووەکاندا 128 مێینەیە بۆ هەر هەزار مێینە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەپێی زانیاریەکانی ساڵی رابردوو ناوەندی تەمەن لە عێراقدا ٧٠ ساڵ بووە.

خەمڵاندنی ناوەندی تەمەنی کەسێک باوترین پێوانەی ژیانە بۆ پێشبینیکردنی تەمەنی ئەو کەسە و ئەو پێوانەیە بە پێوانەیەکی گریمانەیی دادەنرێت لەسەر بنەمای ساڵی لەدایکبوونەکەی، تەمەنی ئێستا و فاکتەرە دیمۆگرافییەکانی تر، لەوانە رەگەز.

پێوانەی هەرە باوی بەکارهێنراو تێکڕای ژیانە لە کاتی لەدایکبووندا تاوەکو مردن.


 

بەرزترین تەمەن لەسەر ئاستی جیهاندا بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ناوچەی هۆنگ کۆنگ لە کۆماری چین، کە بە رێژەی ٨٨.١٧ بۆ ئافرەتان و ٨٢.٣٩ بۆ پیاوان.

وڵاتی ژاپۆن لە ریزبەندی دووەمدایە لە بەرزترین تەمەن لەسەر ئاستی جیهان بە رێژەی ٨٨.٠٩ بۆ ئافرەتان و ٨١.٠١ بۆ پیاوان.

وڵاتی ماکاو لە پلەی سێیەمدا هاتووه، ئافرەتان تەمەنیان ٨٦.١٥ـە و تەمەنی پیاوان ٨١.٧٣ .

لە پلەی چوارەمدا، وڵاتی سویسرایە کە ئافرەتان رێژەی تەمەنیان ٨٦.٠٢ و پیاوان ٨٢.٤٢.

لە سەنگافورەش کە بە پلەی پێنجەم دێت، تەمەنی ئافرەتان ٨٦.١٥یه و پیاوانیش ٨٢.٠٦ه.


لە بەرامبەردا، پێنج وڵات لەسەر ئاستی جیهان نزمترین تەمەنیان تۆمارکردووە کە لە ئەفریقیان، سیرالیۆن لە ریزبەندی یەکەمدایە بەشێوازێک تەمەنی ئافرەتان بە ٥٦.٧٨ دیاریکراوە و پیاوان بە ٥٥.٠١.

لە پلەی دووەمدا وڵاتی نەیجیریایە، کە تەمەنی ئافرەتان تێیدا ٥٥.٧٦ دەستنیشانکراوە و تەمەنی پیاوان ٥٥.٨٠ یە.

لە رێزبەندی سێیەمی کەمترین تەمەن لە جیهاندا وڵاتی لیستۆتۆیە، بەجۆرێک تەمەنی ئافرەتان ٥٨.٩٠ و پیاوان ٥٢.٥٢.

لە وڵاتی تشادیش، تەمەنی ئافرەتان ٥٦.٦٥ و پیاوانیش ٥٣.٧٣ دیاریکراوە.

ریزبەندی پێنجەم کۆماری ئەفریقیای ناوەڕاستە، کە ئافرەتان ٥٦.٥٨ و پیاوانیش ٥٢.١٦یه.













گەلەری