دوای چەندین دەیە لە شەڕ؛ ئەرمینیا و ئازەربایجان ئاگربەستیان واژۆکرد
دوای هەشت مانگ تا ئێستا هیچ خانەنشیتنێک لە هەرێم ئیکرامیەی وەرنەگرتووە و بەپێی زانیارییەکانیش پەیوەندی بە نەبوونی سندوقی خانەنشینی و دیارنەمانی پارەکەوە هەیە.
٤٠ رۆژە موچەى مانگی شەش دواکەوتووە و تا ئێستاش حکومەتى ماوەبەسەرچوو پابەند نەبووە بە رادەستکردنی نەوت و داهاتی ناوخۆو و دەڵێت، تا بەغدا مووچە خەرجنەکات، ١٢٠ ملیارەکە رادەست ناکەن.
دوای چەندین دەیە لە شەڕ و پێکدادان؛ ئەرمینیا و ئازەربایجان بە نێوەندگیری ترەمپ رێککەوتنی ئاشتیان واژۆکرد.
وەزیرى نەوتى سوریا دەڵێت، بەم نزیکانە بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەى نەوتى عێراق لەرێگەى بۆری بانیاسەوە سەردانی بەغدا دەکات، دەشڵێت، ئەگەر ئەو بۆریە نۆژەن بکرێتەوە، توانای هەناردەکردنی ٣٠٠ هەزار بەرمیلی لە رۆژێکدا هەیە.
سەرۆکی ئەمریکا وتی رۆژی هەینی داهاتوو لەبارەی راگرتنی جەنگی ئۆکرانیا لەگەڵ سەرۆکی روسیا لە ئەلاسکا کۆدەبێتەوە، وتیشی، ئەگەری هەیە ئەمریکا رازی ببێت روسیا بەشێک لە خاکی ئۆکرانیا بۆ خۆی ببات، هاوکات سەرۆکی روسیا دوا مەرجی خۆی بۆ راگرتنی شەڕ ئاشکراکرد.
هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا، بە سێ هەزار و ٣٩٨ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیارە ٢١یـش بە ٦٦٨ هەزار دینارە.
بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر ١١ـی پێشنیوەڕۆ، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تیروپشک بۆ پێدانی ژمارە بە هاوپەیمانێتییەکان، کاندید و لیستەکان لە بەغدا بکات.
دوای ئەوەی ئێران هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم راگرت، ئەمە بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ٦٦ دۆلار و ٣٦ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەراورد بە دوێنێ جێگیرە.
لەسنووری خەلیفان، ژنێك كەوتە ناو رووباری قەمەریان و خنكا، تەرمەكەشی لەلایەن تیمی بەرگریی شارستانیی سۆرانەوە دەرهێنرا.
پێنج رۆژە شاخی پیرمیکائیل لە نێوان بلکیان و باشماخ دەسووتێت و بەهۆی ناوچەی مینڕێژکراوەوە تا ئێستاش نەتوانراوە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت؛ پۆلیسی دارستانی پێنجوێنیش دەڵێت، پێدەچێت زیاتر لە ١٠ هەزار دۆنم دارستان و پوش و پاوان بەهۆیەوە سووتابێت.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، زیاتر لە ١٧ هەزار هاوڵاتیی وڵاتەکە لە کەمپی هۆلی سووریاوە گەڕانەوە و ئامادەکاری دەکرێت بۆ گەڕاندنەوەی زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکە.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت، لە شاخی زمناکۆ سەر بە سنووری دەربەندیخان ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و زیانێکی زۆری بە سروشت و ژینگەی ناوچەکە گەیاند.
ترەمپ فەرمانی بە وەزارەتی بازرگانی داوە سەرژمێریەکی ورد بۆ دانیشتوانی ئەمریکا ئەنجامبدات، بەڵام کۆچبەرە نایاساییەکان هەژمار نەکرێن.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت، ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، دەشڵێت"هەركاتێک كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم نەوتمان رادەست بكەن، دەست دەكەینەوە بە هەناردەكردن".
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، ئومێدەوارن پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم پێکهێندرێت و بەرپرسێکی پێشووی یەکێتیش وتی، پەرلەمان تا ئێستا نەیتوانیوە کۆببێتەوە و ئەوەش خاڵی لاوازی هەرێمە.
گرفتی کەم ئاوی لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم بەردەوامە؛ هەر بۆیە جوڵانەوەی نەوەی نوێش بەردەوامە لە دابەشکردنی ئاو بەسەر هاوڵاتییاندا و ئەمڕۆش ئاو بەسەر چەند گەڕەکێکی سلێمانی و هەولێردا دابەش کرا. پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ وتی، ساڵانێکی زۆرە کێشەی بێئاوی هەیە و حکومەتی ماوەبەسەرچوو هیچ پلان و چارەسەرێکی نییە بۆ ئەو گرفتە.
شارەوانی بیارە هۆشداری دەداتە خاوەن فرۆشتگا و کاسبکاران و دەڵێت، لێپێچینەوە و رێکاری یاسایی دەگرنەبەر ئەو فرۆشیارانەی کە پاشماوە و خاشاکی شوێن کارەکانیان لەسەر شەقامەکان فڕێداوە و پابەندی رێنماییەکان نەبوون.
وەزیری راگەیاندنی لوبنان دەڵێت، حکومەت رەزامەندی لەسەر کۆتاییهێنان بە بوونی چەکداری لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، بە حزبوڵڵاشەوە داوە.
تەلیسکۆپی عێراق دەڵێت، لە ماوەی ٣٠ رۆژدا مانگ گیران ئاسمانی عێراق و زۆربەی وڵاتانی ئاسیا دەگرێتەوە، کە بە مانگی خوێن ناسراوە.
ئەمرۆ ساڵڕۆژی وەستانی جەنگی ئێران و عێراقە، كە ئێران بە شۆڕشی بەرگری پیرۆز و عێراقیش بە شەڕی قادسییەی سەدام ناوی دەبرد، جەنگەکە بە گەورەترین جەنگی میژوویی ناودەبرێت لە دوای جەنگی جیهانی دووەم کە هەشت ساڵی خایاند.
هۆبەی ئابوری ئاسایشی چوارقوڕنە دەڵێت، هاوڵاتییەک ماستی کارگەکانی بەناوی ماستی خۆماڵییەوە فرۆشتووەتەوە و بەو هۆیەوە دەستگیرکراوە، هەموو ماستەکەشی لەناوبرا.
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، دەیانەوێت خەڵکی هەرێم هانبدەن کە دواکەوتنی مووچە خەتای حکومەتی ماوەبەسەرچووە؛ دەشڵێت، خەڵک بۆ مووچە خەباتی نەکردووە.
ئاسایشی راپەڕین دەڵێت، لە فرۆشتگایەکی سنووری حاجیاوا دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر لە جگەری هاوردەکراوی ئێرانیدا گرتووە کە فرۆشتنی قەدەغەیە و خاوەن فرۆشتگاکەش سزادراوە
کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت، رەتیدەکەنەوە هیچ قاچاچێتییەک بە نەوتی عێراقەوە بکرێت و لەگەڵ نەوتی وڵاتانی دراوسێدا تێکەڵ بکرێت. دەشڵێت، ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.
ئەمریکا خەڵاتی پێدانی زانیاریی گەیشتن بە سەرۆکی ڤەنزوێلا زیاد کرد بۆ ٥٠ ملیۆن دۆلار کە بە بازرگانی گەورەی ماددەی هۆشبەر تۆمەتبارە.
کەشناسی هەرێم دەڵێت، کەشی ئاسمان بەگشتی ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرماش نزم دەبنەوە و لە هەندێک ناوچە دەگاتە ٣٥ پلەی سییزی.
نرخی نەوت و زێر لە بازاڕەکانی جیهاندا گۆڕانکاریان بەسەردا هات و بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت نزیکەی دوو دۆلار دابەزیوە.
سەرۆکی ئەمریکا بەنیازە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ سەرۆکی رووسیادا کۆببێتەوە سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕو ئاڵۆزییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا.
هاتووچۆی کۆیە دەڵێت، لەسەر رێگای کۆیە - دوکان رووداوێکی هاتووچۆ روویداوە و بەهۆیەوە شەش کەس برینداربوون.
یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتى ماوەبەسەرچوو وتی، هیچ داهاتێکی نەوت ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، دەشڵێت، بەشێکی نەوتەکە دەروات بۆ کۆمپانیاکان و بەشێکی بۆ کۆمپانیای دانە غاز دەروات لەبری غازی بەرهەمهێنانی غاز بۆ کارەبا و بەشێکیشی دەچێت بۆ کاروبارەکانى ناو وەزارەتی سامانە سروشتیەکان.