سەردێڕ:

موزایەدە بە کۆتا و پێکھاتەکان

5/11/2020 1:08:09 PM
12195 جار خوێندراوەتەوە
عەلی کەریمی
+ -

ئەم حیزبە لەوەتەی ھەیە نانی موزایدە و گێلاندنی کۆمەڵانی خەڵک دەخوات، نە ستراتیژێکی پتەو و جێگیر و نەتەوەیی ھەیە و نە خەڵکانی بەمشور و سیاسەتمداری قاڵبوو و بەئەزموون، کە لە قالبی سیاسەتداڕێژەرانێک بن، پێش ھەموو شت بەرژەوەندی و دواڕۆژی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیان مەبەست بێت.

ھەر لە رۆژی ئەوەڵەوە وایانکردووە و بۆشیان چووەتەسەر، شکستی ساڵانی ١٩٤٥ی بارزانیان بە ھاتنەناو کۆماری کوردستان و قازی محەمەد لە مەھاباد تێھەڵچواندەوە و ئەم شکستە گەورەیان لەگەڵ حکومەتی مەلیکی عێراق بەوە لە بیر بردووەتەوە کە گۆیا بارزانی ھات بۆ یارمەتی کۆمار و قازی، دواتر ھەموو بینیمان ئەوە دەرنەچوو، لە ڕۆژی تەنگانەدا قازی و کۆمار لە ھەموو کات زیاتر تەنیا مانەوە و خۆیان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون و ١١ ساڵی رەبەق خۆیان بە ژنھێنان و ڕابواردنەوە مژوولکرد.

تاقە سەرکردەی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، کە بە نییەتی چاک ھاتەپێش و بۆ یەکەمجار گوتی، عێراق وڵاتی کورد و عەرەبە و عێراق لە دوو نەتەوەی کورد و عەرەب پێکھاتووە، لە بێ سیاسەتی و موزایدەی کوردایەتی بە گژیداچوونەوە و ئەساسی شۆڕشی ئەیلولیان لەسەر بونیادنا و چاکەی عەبدولکەریم قاسم، کە لە تاراوگەوە ھێناینەوە و خزمەتیکردن، لە بیر خۆیان بردەوە و بە فیتی شای ئیران کە نەیدەویست دەسەڵاتی عێراقی جیران، لە سۆڤیەت نزیک بێ، کوردیان بە گژ ئەم دۆستەدا کرد.

بە ناوی قیادەی موەقەت بە گژ میللەتی خۆیان و ڕۆژھەڵاتدا ھاتنەوە و بەناوی کوردایەتی ھەرچی کردەوەی قێزەونە کرا.

لە ڕاپەڕینی ١٩٩١ کە زانیان لای خەڵکیان دۆڕاندووە، بەپەلە بە ناوی یەکێتی نەتەوەیی ھانایان بۆ جاشەکانی ئەنفالچی و شۆڕشی نوێ برد و زۆر باش کەڵکیان لێوەرگرتن و زۆربەیان چاپۆشیان لێکرا و بۆ لای پارتی چوون و ئەمانیان پێدرا و ھەموو ھاتنەسەر سندوقی دەنگدان و باش دەیانزانی کار بگاتە دەنگدان دەنگی چاک و خراپ لە ناو سندوق وەک یەک دەخوێندرێتەوە، واتا دەنگی جاش و باش وەک یەک حیسابیان بۆ دەکرێت.

بەدەیان نموونەی دیکە وەک شەڕی ناوخۆی ١٩٩٤، تاڵانی پارەی برایم خەلیل، گرێدان و جووتبوون و تجارەت و شەراکەت لەگەڵ سەرانی تورکیا، کایەکردن بە کارتی سەرۆک کۆماری لە دوای سەدام و بەوە داشکاندنی کە کوردستان ئیتر موڵکی ئەوان دەبێت، ڕیفراندۆم و ئەم گاڵتەجاڕی و پێچەقاندن و بانگەشەی ئەوەی ھەموو دنیا و ئەمریکا و تورکیا ھاودەنگ و مسۆگەرکراوە، دواتر ھەموو دەزانن وا دەرنەچوو، موزایدەی کادر و ئەندامانیان بەو پەڕی قسەوقسەڵۆکی مناڵانە لەسەر میدیاکان و موزایدەی کوردایەتی، موزایدەی ئاڵا و پێشمەرگە لە کەرکوک، ھەموو دەزانن پێشمەرگە واتای چییە لە لای سەرانی پارتی و تەنانەت مەعاشیان پێ ڕەوا نابینن و گەر بێتو بە ریز باسی ھەموو ئەم چەواشەکاری و بەکارھێنانی موقەدەساتی خەڵک لە لایان ئەم حیزبەوە بۆ بەرژەوەندی تەنیا شەخسی و بنەماڵەی خۆیان بکەین لە ھەزاران لاپەرە زیاتر دەردەچیت و لە تاقەتی ئەم کورتە وتارەدا نییە. تەنیا ئەوەندە بەسە پرسیار بکەین ئەری بە راستی ئەم یاری مشک و پشیلەیە لەگەڵ بەغدا تاکەی، رۆژێک تەڵاقیان دەدەن و رۆژی دواتر لە پشت دەرگاکانی بەغدا بۆ دوو عانە دەپاڕێنەوە، رۆژێک نەوتەکە تەسلیم دەکەن و دواتر کە دولار بە دولار حیسابی دەکەنەوە دڵتان نایە و لەژێر قسەی خۆتان دەدەن و نایاندەنێ!

ھەمووو تاکی کورد باش دەزانن ئەگەر ئەمڕۆ موزایدە بۆ کوردایەتی و دەمارگرژی لە لایەک و دژایەتی تورکمان و مەسیحی لە لایەکی تر، نانی بۆ پارتی تێدا بایە، ھەموو دڵنیاین ھەر ئەم کاک مەسعودە دەھاتە سەرخەت و دەیگوت چۆن خوا قبوڵی دەکا تورکمان، ئەوێش کەرکوکیش لەگەڵ نەبێ و تەنیا ھەرێم بێ، ٥ کورسیان بەر دەکەوێت ئەی کلدانی و مەسیحی؟ بە دڵنیایی لە پاپی ئەعزەمیش بپرسن پێی وانابێ ئەوندە مەسیحی لە کوردستاندا مابنەوە!

مەسەلەی کۆتاکانی پەرلەمان ھیچ شتێک نییە لە موزایدە و نان لێخواردن زیاتر و دڵنیام مەسیحی و تورکمان و کلدانی ڕەسەن ھیچ ڕازینین بەم رەفتارە و ئاوا ناشیرین لە بەکارھێنانیان.

کە دەڵێن رای زۆرینە و کەمینە، دەسبەجێ بە دەیان گوێلەمستیان دەێنە سەرخەت و دەفەرموون کوردستان بە تەوافوق بەڕێوەچووە و ناکرێ بە بێ تەوافق وڵات ئیدارە بکرێت، سێ ساڵ پێش ھاوارمان کرد ئەم ١١ کورسی کۆتا رۆژێک کارەسات دەنێتەوە، بەداخەوە نە بەرەی دەسەڵات و نە بەرەی ئۆپۆزیسۆن گوێیان پێنەدا و پەرلمان بە ئەمرێکی سەربازی داخرا و سەرۆکی پەرلەمان ئاودیوی سنوور کرایەوە، ئێستا زۆر ناشیرین و مناڵانە دێن و دەڵێن ئاواتان لێدەکەین!! بە زۆرینە دار لە ڕوحتان دەدەین و سەرۆکەکەشیان دێ و دەڵێت لە سەر ئەم نەتەوانە خۆمان بە کوشت دەدەین! خۆشی و ئێمەش دەزانین بۆ کەمە نەتەوەکان نییە ئەم شینە، بەڵکو لە شیرینبوونی کورسییەکانە کە بە ناوی ئەم کەمەنەتەوانە داگیریکردون و ئاوا بەکاریاندێنێت، دەبا رۆژێک بێ کە کورسی نرخی نەبێ و بزانین ئەرێ کەس نازی ئەم مۆنا و ئایدن و... دەکێشێت؟ بە دڵنیایی دەڵێم بۆ قومێک ئاوێش ئاوڕیان لێنادەنەوە، چونکە ھەم پارتی و ھەم خۆشیان دەزانن ئەوان نوێنەری نەتەوە و پێکھاتەکانی خۆیان نین.

کورد لە باشور چیتر لەسەر موزایدە ناژی و سیاسەتی پێناکرێ، حەقە ھەموو وێکڕا بڵێین بەسە و ئیتر دەستان زۆر کەشفە، تا درەنگ نەبووە و فریای قەراری مێژوو بکەون کە ھاتە سەری ئیتر رەحم بە کەس ناکات و ھەموان وێکڕا ڕادەماڵێت.

ئەگەر بە راستی ویژدان و کەرامەتی پەرلەمانتارەکانی دی زیندوو و وەخەبەر بێ، نابێ ئەم ناعەدالەتی و تێخوڕینە قبووڵ بکەن و چیتر شەرعییەت بە پەرلمانی کارتۆنی نەدەن، دڵنیابن ھەموو میللەت لە ئەمڕۆدا برسی و ھەژارن و ئێوەش لێتان ناقەومێ و لای میللەت بن باشتر و سەروەریتر دەبێ لۆتان. زۆرن ئەوانەی ئەمڕۆ داواتان لێدەکەن دەرگای ئەم پەرلەمان و حکومەتە پۆلیسییە داخەن و بۆیان جێبێڵن و چیتر شەراکەتی ئەم زوڵم و زۆرە نەکەن!