سەردێڕ:

فراکسیۆنی نەوەی نوێ و شەڕی بەرژەوەندیەکانی خەڵک

4/22/2021 1:21:06 PM
2609 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

ئەوە بۆ سێیەمین جارە ڕێگری لە دکتۆرکازم دەکرێت کە بەشداری لە کۆبونەوەکانی پەرلەماندا بکات، لێرەشەوە بەنیازن دوای ئەوە ئەم دەنگە ناڕازیە بە تەواوی بکەنە دەرەوەی پەرلەمان.
لە ڕاستیدا ئەو ھەڵوێستە بوێرانەی کە ئێستا فراکسوێنی نەوەی نوێ لە پەرلەماندا ھەیەتی ، تەعبیرە لە ئەدای ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک کە نوێنەرایەتی دەنگی ناڕازی و داواکانی ھاولاتیان دەکات لە بەرامبەر حکومەتدا، فراکسیۆنی نەوەی نوێ بەو ھەڵوێستەی دەیەوێت دەنگی شەقام بدات بەگوێی حکومەت و بەرپرسان و سەرۆکایەتی پەرلەمان ,بۆ ئەوەی ئەمە ببێتە ھۆی ئەوەی کەمێک لە کورسیەکانیان دابەزن و لە چوار دیواری بیناکان بێنە دەرەوەو بزانن ئێستا بارودۆخی  گوزەران و ژیانی ھاوڵاتیان لە چی ئاستێکدایە و لە ژێر سایەی ئەم حکومەتەدا ھاوڵاتیان چۆن ژیان بەڕێ دەکەن.
 بەڵام ئەوەی جێی پرسیارو تێڕمانانە، ئەوەیە کە سەرۆکایەتی پەرلەمان و کوتلەکانی پێکھێنەری حکومەت کە زۆرینەی پەرلەمانیان پێکھێناوە ,یەکەمین  کەسن کە ڕوبەڕوی  ئەو داواکاریانە دە وەستنەوە  و ھەوڵی  بێ دەنگ کردنی  ئەو دەنگە بوێرە دەکەن و دەیانەوێت  پەرلەمانێکی  بێ ئۆپۆزسێۆن دروست بکەن. 
سەرۆکایەتی  پەرلەمانی  ھەرێمی کوردستان بەم ھەوڵەیان دەیانەوێت  نوێنەرایەتی حکومەت بکەن و بە ھەمان نەفەسی ئەوان  ڕوبەڕوی  ھەر لایەن و کەسێک ببنەوە  کە ڕەخنەیەک ئاڕاستەی حکومەت بکات  یان داواکاری خەڵک  بگەیەنەتە  پەرلەمان و دەزگا پەیوەندیدارەکان . لە ھەرێمی کوردستاندا ئێستا ئەو ڕاستیە ھەست پێ دەکرێت کە پەرلەمان لە جیاتی فشار دروست کردن بۆ سەر حکومەت و بانگ کردنی  سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و دەرکردنی پڕۆژە یاسا لە بەرژەوەندی خەڵک , دێت نوێنەرایەتی حکومەت دەکەن  و دەیانەوێت  ئەو جوڵەش پەک  بخەن کە ئێستا لە لایەن فراکسیۆنی نەوەی نوێوە ڕابەرایەتی  دەکرێت، ئەوەی دکتۆر کازم و فراکسیۆنی نەوەی نوێ  ئێستا لە پەرلەمان ئەنجامی دەدەن ، تەنیا تەعبیر نیە لەھەڵوێستی چوار پەرلەمانتار، بەڵکو داوای  زۆرینەی  جەماوەری کوردستانە .
 کەواتە لێرەوە وەک دکتۆر کازم جەختی لێکردەوەو پێشتریش شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوای کردبوو، دەتوانرێت ئەو خەباتە بگوازرێتەوە  بۆ شەقام وئەمەش سەرەتای ناڕەزایەتیەکی جەماوەری بەرفراوان دەبێت دژبە حکومەت و بەرپرسە گەندەڵەکان. 
پێویستە ئەمەش  وەک بازنەیەکی  خەباتی مەدەنی  بەرفراوان بکرێت، ئەگەر  بۆ ئەم مەبەستە لایەنە ئۆپۆزسێونەکانی  ترو ڕێکخراوەکانی کومەڵگەی  مەدەنی  و میدیای ئازاد و دەنگە ناڕازیەکان  بەرەیەکی بەرفراوان  دروست بکەن و ڕاستەوخۆ لەگەڵ جەماوەری  ناڕازیدا کۆببنەوە ، ئەوکات دەتوانن ببنە گروپێکی فشاری زۆر بەھێزو ئەو کاتە کاربکەن لەسەر ھەڵوەشانەوەی ئەم پەرلەمانەی کە زۆر نابەرپرسیارانە بەرامبەر بەدەنگی ھاوڵاتیان  مامەڵە دەکات  و لە ئێستادا بۆتە پارێزەری حکومڕانی گەندەڵەکان ,
 بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ھاوڵاتیان  بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن لەپێناو دابینکردنی مافە سەرەتاییەکان و شایستە دارایەکانیان  بێ دەنگ نەبن، ئەگەر ھاوڵاتیانیش ھەست بە بەرپرسیارێتی خۆیان بکەن بۆ بەدەنگەوە ھاتن لەسەر مافە مەدەنیەکانیان ، ئەو کاتە دەتوانن بەزۆرینەی  پەرلەمانیەکی باشەوە ھەنگاو بنێن بۆ دروست کردنی حکومەتێکی چاک، کە ئەمەش تاکە ڕێگایە بۆ کۆتایی ھێنانی قەیرانەکان و بنەبڕکردنی  گەندەڵی .