سەردێڕ:

ئاڵای کوردستان و فرمێسکی تیمساحانە

10/17/2020 11:04:16 PM
5133 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

زۆر شتێکی ئاساییە کە حەشدی شەعبی و ھەر ھێزێکی تری عەرەبی و فارسی و تورکی ئاڵای کوردستان بسووتێنێ و سوکایەتی بە پیرۆزییەکانی بکات و ھاوڵاتیانی ئەشکەنجە بدات و سوکایەتیان پێ بکات. ئێمە ئەم جۆرە ھەڵسوکەوتانەمان لە رابردوو و ئێستا و ئایندەدا دەبینین. ئەوان کۆمەڵە نەتەوە و ھێزێکی ناسیونالیستی و لەم دواییانەدا توندڕەوی ئایینی بەسەردا کراوە و بەمەش فاشیزمێکی ناسیونالیستی توندڕەوی دژ بە کورد دروست بووە .

بەڵام ئەوەی نائاساییە کە ھەر ئەو ھێزانەی کە ئێستا فرمێسکی تیمساحانە بۆ ئاڵای کوردستان دەڕێژن لەگەڵ ئەو ھێزانەی کە ئاڵای کوردستان دەسووتێنن ھاوپەیمانن و بە ھەردوولایان گەورەترین تۆڕی مافیایی گەندەڵی و دزینی سامانی عێراق و کوردستان دروست کردووە و نایانەوێ کەسیان لەمپەڕ بۆ ئەوی تریان دروست بکەن. حەشدی شەعبی دەیانەوێت بەم ھەڵوێستەیان جارێکیتر بوونی خۆیان بسەلمێننەوە و لە بەرامبەر فشارەکانی ئەمریکا و شەقامی خۆپیشاندەران جارێکی تر خۆیان نمایش بکەنەوە. پارتیش دەیەوێت ئەمە بکاتە رووداوێک کە تیایدا خۆی وەک پاڵەوانی نیشتیمانی و نەتەوەیی لە قەڵەم بدات. بەتایبەتیش لە ئێستادا کە یادی ١٦ی ئۆکتۆبەرە.

ھەرچەند ئەم رووداوە لە کاردانەوەی لێدوانێکی ھۆشیار زێباریدابوو بۆ کەناڵی ئەل حوڕە، کە حەشدی شەعبی بە داعش چواندبوو داوای کردبوو کە ناوچەی سەوز چۆڵ بکەن. بەڵام ھەر ئەم پیاوە لەدوای سووتانی بارەگاکەیان و ئاڵای کوردستان سەد و ھەشتا پلە بایدایەوە و لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی عەھد کە ھی عەسائیبی ئەھلی حەقە، حەشدی شەعبی بە ھێزێکی موجاھید و پاڵەوانی لە قەڵەم دا.

لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا بۆچی پارتی ھێزێکی ئەوەندە لاوازە لەبەردەم دوژمنانی دەرەوە، بەڵام بۆچی بەرامبەر بە ھێزەکانی ناوخۆی کوردستان ئەوەندە جەربەزە و توندە؟

 لەراستیدا ئاڵا و سیادە و ھەمو پیرۆزییەکانی نیشتیمان لە پێناو پاراستنی کەرامەت و شکۆی مرۆڤی ئەو نیشتیمانەدا دروست دەکرێت. ئێمە لە پارتی و یەکێتی دەپرسین ئەگەر ئێوە ئەوەندە بە پەرۆشن بۆ ئاڵای کوردستان ئەی خێرە مرۆڤ و ھاوڵاتی کوردستانتان بەم دۆخە گەیاندووە؟
لەراستیدا ئەوەی ئێستا لە سوکایەتی بە ئاڵا و نیشتیمان و نەتەوەی کوردتان کردووە ھیچ دوژمنێک ناتوانێت پێی بکات. ھەر ١٦ی ئۆکتۆبەر بوو بەھۆی سیاسەتی ناحەکیمانەی ئێوەوە لە سەدا پەنجا و یەکی خاکی کوردستانتان لەدەستدا. گەلی کوردستانتان خستووەتە خراپترین دۆخ و بەشێکی زۆری لە خوار ھێڵی ھەژارییەوە دەژین. شەق لە مامۆستا و پزیشک و رۆژنامەنووس و خۆپیشاندەر ھەڵدەدەن و رەوانەی زیندانی دەکەن. گەنجان و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگا بێکار دەکەن و ئاگایەکتان لە ژیانی پیر و پەککەوتە و نەخۆشان نییە. مافەکانی ھاوڵاتی پێشێل دەکەن و پەرلەمانتار بەر شەق دەدەن و دەرگای پەرلەمان دادەخەن، ئەنجومەنی وەزیران دەکەنە گروپی کۆیلەکان و کەسێک جورئەتی دەربڕینی رایەکی ئازادانەی نییە. لە لایەکی ترەوە ھەر رۆژە بە بیانوویەک پێشڕەوی  ھێزی بێگانەکان دەکەن بۆ سەر ھەرێمی کوردستان. رێککەوتنی سیخوریان لەگەڵ مۆر دەکەن و ھاونیشتیمانیانی خۆتان دەکەنە قوربانی بۆ بەرژەوەندی ئەوان، ئایا ھێزێک ئەمە ئەخلاقی سیاسی بێت بەرامبەر بە ھاوڵاتی و ھاونیشتیمانیانی خۆی ئەگەر فرمێسکی تیمساحی بۆ ئاڵای کوردستان بڕێژێت جێی باوەڕە؟